سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌باره‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی دینار به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار هەڵوێستی راگه‌یاند

سەرۆك كۆماری عێراق پشتیوانی خۆی بۆ ڕێوشوێنەكانی ئەنجوومەنی وەزیران و بانكی ناوەندی بۆ بەرزكردنەوەی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار دووپات كردەوە. 

لەتیف ره‌شید سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵاتی تویتەر ڕایگەیاند" پاڵپشتی ڕێوشوێنەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و بانکی ناوەندی دەکەین بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دینار، بەهۆی ئەنجامە ئەرێنییەکانی لەسەر ئاستی ژیان و بەرزبوونەوەی بەهای پێگه‌ی دراوی نیشتمانی". 

راشیگه‌یاندووە" پێویسته‌ درێژه‌ به‌ ڕێوشوێنەکانی چاکسازی ئابوری بۆ کەرتەکانی بەرهەمهێنان و پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت و ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی بدرێت، بە مەبەستی گەیشتن بە گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی". 

دوێنێ لەسەر داوای بانکی ناوەندی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار، هەروەها بڕیاریدا هەر ١٠٠ دۆلارێک بە ١٣٠هەزار دینار جێگیر بکرێت. 


PM:02:34:08/02/2023