بزوتنەوەی گۆڕان: بەشێکی زۆری هاوڵاتیان تووشی بێ متمانەی بوون

بزوتنەوەى گۆڕان بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" هەرێمی کوردستان‌ و عێراق‌ و ناوچەکە بە دۆخێکی ناجێگیر و پڕکێشەدا تێئەپەڕێ، بەشێکی زۆری هاوڵاتیان تووشی بێ متمانەی بوون". 

بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە" هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە، بە دۆخێكی ناجێگیر و پڕكێشەدا تێئەپەڕێ، بەشێكی زۆری هاوڵاتیان توشی بێ متمانەیی بوون، تەنانەت حزب و لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ یەكتر و لەناو خودی خۆشیاندا، دامودەزگا فەرمییە‌كان، پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی پارێزگاكان، دادگاكان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی شارستانی و… هتد، نەیانتوانیوە لەو بێ متمانەییە بە دەر بن، بۆیە نەشیانتوانیوە هاوڵاتیان لە دۆخی بێ متمانەیی ڕزگار بكەن". 

ئەوەشی خستەڕوو، بەرژەوەندی گشتی نیشتمانی و نەتەوەی و ژیان و بژێوی هاوڵاتیان و مافە كۆمەڵایەتییەكان لە پاشەكشەدابێ و بەرژەوەندی حزبی و كەسی زاڵ بێت، زۆرجاریش بەرژەوەندی تاكە كەسی جێی بە هەموو ئەوانە لێژكردوە. 

دەقی بانگەوازەكە:

بانگەوازێك لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە

‎وەك ئاشكرایە، هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە، بە دۆخێكی ناجێگیر و پڕكێشەدا تێئەپەڕێ، بەشێكی زۆری هاوڵاتیان توشی بێ متمانەیی بون، تەنانەت حزب و لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ یەكتر و لەناو خودی خۆشیاندا، دامودەزگا فەرمییە‌كان، پەڕلەمان، ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی پارێزگاكان، دادگاكان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی شارستانی و… هتد، نەیانتوانیوە لەو بێ متمانەییە بەدەر بن، بۆیە نەشیانتوانیوە هاوڵاتیان لە دۆخی بێ متمانەیی ڕزگار بكەن.

‎ئەمەش بوەتە هۆكاری ئەوەی، بەرژەوەندی گشتی نیشتمانی و نەتەوەیی و، ژیان و بژێوی هاوڵاتیان و مافە كۆمەڵایەتییەكان لە پاشەكشەدابێ و بەرژەوەندی حزبی و كەسیی زاڵ بێت، زۆرجاریش بەرژەوەندی تاكەكەسی جێی بە هەمو ئەوانە لێژكردوە، هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق (٢٠٢١) ئەو راستیییەی دەرخست، چونكە سەرەڕای زۆری لیست و كاندیدی جیاجیا، شێوازی هەڵبژاردنەكە، گۆڕانكاری لە یاساكەدا، بە هەوڵی شیاو و نەشیاوی لیست و كاندیدەكانەوە، كەچی بە پێی ئامار و پێوەرە زانراوەكان (٧٠%)ی دەنگدەران بەشداری ئەو هەڵبژاردنەیان نەكرد، وە زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان نەیانتوانی پارێزگاری لە ژمارەی دەنگدەرانی پێشوی خۆیان بكەن، ڕاستە هەندێكیان كورسییەكانیان بەهۆی دابەزینی نرخی كورسی زیادی كرد، بەڵام زۆربەیان لە چاو هەڵبژاردنی پێشووتردا، دەنگەكانیان كەمیكرد.

‎لەناو ئەم لایەنانەدا، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان نەمانتوانی هیچ كورسییەك بەدەست بهێنین! بێگومان هۆكارەكانی ئەم شكستە زۆرن، هۆكاری ناوخۆیی و تاكتیكی بزوتنەوەی گۆڕان هۆكاری سەرەكی بو، ئینجا هۆكاری بابەتی، لەو چوارچێوەیەدا بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو دۆخەی تێی كەوتوین؛ چەند هەنگاوێكمان گرتەبەر و ئۆباڵی شكستەكەشمان گرتەئەستۆ، كە هەر ئەبێ واش بێ، بەشێوەیەك بە قۆناغێكی سەختی ڕێكخراوەیی تێپەڕین و ئومێدمان بۆ سەركەوتن لە دەستنەدا.

‎لەم سۆنگەیەوە، بزوتنەوەی گۆڕان بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە بۆ هەستانەوە بەردەوامە و لەسەر پڕۆژە و ئامانجەكانی خۆی سورە، بەو مەرجەی هەمومان بەیەكەوە بمانەوێ خواست و ویستی جەماوەرەكەمان لەبەرچاوبگرین و هەنگاوەكانمان وەڵامگۆی پێداویستیەكانی هاونیشتیمانیان و گۆڕانخوازان بێت، ئەمەش پێویستی بە لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی هۆكارە ناوخۆیی و بابەتییەكانە، دور لە گیانی ڕق و بەرژەوەندی كەسیی؛ بە گفتوگۆیەكی ڕاشكاوانە و بەرپرسانە دەتوانین ئەم دۆخە چەقبەستوە تێپەڕێنین.

‎لێرەوە بە پێویستی دەزانین، ئەم بانگەوازە ڕابگەیەنین و داوا لە هاونیشتیمانیان و هەمو كارەكتەر و هەڵسوڕاوان و دەنگدەران بكەین، كە پێكەوە بە خۆداچونەوەیەكی زانستی و بابەتیانە بكەین، بە هەمان گیانی ڕابردو دەست پێ بكەینەوە، هەر هەنگاو و بڕیارێكیش بۆ ئەو مەبەستە پێویست بكا، با بەیەكەوە بەرپرسیارێتی و دەرهاویشتەكانی داهاتوی بزوتنەوەكە بگرینە ئەستۆ، وا بكەین متمانەی دەنگدەرەكانمان و هاوڵاتیانی كوردستان بەدەست بهێنینەوە، چونكە ئەمە بەرپرسیارێتیەكی گەورەی مێژوییە، بەم كارەش، ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوایەتی بۆ گەلەكەمان -دور لە بەرژەوەندی كەسیی- ئەنجام ئەدەین.

‎بزوتنەوەی گۆڕان
٨ی شوباتی ٢٠٢٣


PM:03:36:08/02/2023