کەسایەتی نیشتمانپەروەری کوردستان بەختیاری شیخ عوسمان کۆچی دوایی کرد

کەسایەتی نیشتمانی و چالاکوانی بەخشندە و برای هەردوو شەهید سەردار و رێبوار، بەختیار شێخ عوسمان ئەم بەیانییە لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە ١١ ی شوبات کەسایەتییەکی دیاری کوردستان و ئینسانێکی جوانی بەرەی گەل و خەڵکانی ناڕازی کوردستان، بەختیار شێخ عوسمان ماڵئاوای کرد و کۆچی دوایی کرد.

بەختیار شێخ عوسمان کەسایەتیەکی رۆشنبیر و چالاکوان و شاعیرو هەمیشە لە بەرەی ناڕەزاییەتییەکانی خەڵکی کوردستان، بەیانی ئەمڕۆ دوا ماڵئاوای لە کەسوکار و هاوڕێکانی و نیشتمان کرد.

ئەم کەسایەتییە برا گەورەی هەردوو شەهید، سەردار کە لە بەردەم قوتابخانەی رۆشنبیردا لە سلێمانی بەدەست بەعسیەکان شەهید کراو، هەروەها ئەندازیار رێبوارە کە ئەویش بە دەستی سیخورێکی بەعس شەهید کرا.

ئەم کەسایەتییە لە خانەوەدەیەکی شۆڕشگێری کوردستانە کە لەسەردەمی بەعسدا خانەوادەکەی رووبەرووی گرتن و راونان و نەفیکردن بۆ باشوری عێراق و ماڵ رووخان بۆتەوە.

ناوبراو کەسایەتییەکی سیاسی پاک و بێگەرد و بەرەی ئۆپۆزسیۆن بووە، هەمیشە ماڵەکەی و قەلەندەرخانە و بنکەی ئازادی کە ماڵ و موڵکی شەخسی خۆیبوون کردۆتە بنکە و لانکەی بۆ خەڵکانی رۆشنبیر و ناڕازی و مەیدانێک بووە بۆ لە دایکبوونی گفتوگۆی نوێ  سیاسی و رۆشنبیریی.
   
بە درێژایی تەمەنی داڵدەی کەسانی رۆشنبیر وهونەرمەند و رۆژنامەنووسی هەرێم و هەر چوار پارچەی کوردستانی داوە، کە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و رژێمە حوکمڕانەکانی پارچەکانی تری کوردستانەوە راونراون و لە بنکە و هەواری خۆیان دەرکراون.

بەختیاری شێخ عوسمان هەمیشە پشتوپەنای خانەوادەی شەهیدان و خەڵکی شۆڕشگێر و هەژارو زەحمەتکێشی خەڵکی پارێزگای سلێمانی و هەرێمی کوردستان بووەو لەو بوراەدا، ئەوەی چی پێکرابێت پێشەکەشی کردوون، دواینینیان کەسوکاری گیراوەکانی بادینان بووە.

ئەم کەسایەتییە چەند ساڵێکە ئازایانە دەجەنگێت لەگەڵ نەخۆشی ( شێرپەنجە) و هێندەی کەمێکیش لەو ماوە درێژەدا لە ئازایەتی و بەخشندەیی بەرامبەر چواردەوری و کۆمەڵگا کەمنەکردەوە، بەڵام ئەمڕۆ بۆ دواجار ماڵئاوایی کردو، تەرمی پیرۆزی ئەم مرۆڤە لێوان لێو لە جوامێری و مرۆڤایەتی، لێوان لێو لە دلۆڤانی بەرامبەر گەل و نیشتمان، لە مزگەوتی ئەحمەدە سورەوە لە سلێمانی بەڕیدەکەرێت بۆ شیوی قازی لە قەرەداغ کە شوێنێ لە دایکبوونیەتی.


 

AM:08:13:11/02/2023