سودانی پەیامێكی نوێی بۆ دابەزینی نرخی دۆلار راگەیاند


محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران عێراق رایدەگەیەنێت، حكومەتەكەی سوورە لەسەر دابەزاندنی نرخی دۆلار و جێگیركردنی.

بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی محەمەد سودانی، ئەمڕۆ سەرپەرشتی سێیەمین كۆبوونەوەی یەكێتی ژوورە بازرگانیەكان و دەستەی بانكەكانی عێراق و دامەزراوە داراییەكانی حكومەت و باج و رسومات و دەروازە سنوریەكان و بانكی ناوەندی و پێشانگا بازرگانیەكان بەڕێوەچووە.

لە كۆبوونەوەكەدا دواین پێشهاتەكانی دۆخی ئابووری لە سەرتاسەری عێراق و چاودێری نرخی دۆلار تاوتوێ كراوە، دوای ئەوەی كابینەی حكومەت بڕیاری بانكی ناوەندی بۆ كەمكردنەوەی نرخی فەرمی دۆلار پەسەندكرد. 

هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كراوە لەسەر ئەو میكانیزمانەی بەكارهێنراون بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران لە لایەنی داراییەوە، جگە لە تاوتوێی جێبەجێكردنی ئەو ڕێنمایانەی لە كۆبوونەوەی پێشوودا دەرچوون.

سودانی سووربوونی حكومەتەكەی بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار و جێگیركردنی دووپاتكردۆتەوە.



PM:03:39:11/02/2023