سودانی داوا دەکات پەلە بکرێت لە ئامادەکردنی کارتی خۆراک


سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سووکردنی باری ژیانی  هاوڵاتیان داوا لە وەزارەتی بازرگانی دەکات بە زووترین كات پرۆگرامی كارتی بەشەخۆراكی تەواو بکەن.

ئەمرۆ یەک شەممە ١٢ ی شوبات لە راگەیەندراوێكی نووسینگەی  سەرۆك وەزیرانی عێراقدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە گفتوگۆكردن لەسەر كارتی بەشەخۆراكی كرد، كه‌ وەزیری بازرگانی و بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراك و سەرۆكی دەستەی راوێژكاران لە دیوانی سەرۆكی حكومەت، ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

بەپێی راگه‌یێندراوه‌كه،‌ سودانی رێنمایی داوه‌ به‌ وەزارەتی بازرگانی كه‌ بە زووترین كات ئەو بەرنامەیە تەواو بكات، بەمەبەستی وەستاندنی بەهەدەردانی پارەی گشتی.

له‌كۆبووه‌نه‌وه‌كه‌دا بەرنامەی دیجیتاڵی خرایەڕوو كە بریتییە لە پەسەندكردنی كارتێكی ئەلیكترۆنی بۆ هەر سەرۆك خێزانێك.

جێبەجێكردنی به‌رنامه‌ ئەلیكترۆنیه‌ نوێیه‌كه‌ لەلایەن كۆمپانیایەكی تایبەتمەندەوە ئامادەكراوە، بە هاوكاری وەزارەتی پەیوەندییەكان، بە ئامانجی پێكهێنانی داتابەیسێكی نوێ و جیا له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌، بە شێوەیەك كە رێگری لە دەستكاریكردن بكات و ناوی مردووان و دانیشتوانی دەرەوەی عێراق و هەموو ناوە وه‌همیه‌كان ئاشكرا بكات.

ئەوە لە کاتێکدایە کە رۆژ بەرٶژ لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار نرخی کاڵاکانیش لە بازاڕەکانی هەرێمدا بە دینار بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە.



PM:09:52:12/02/2023