نێچیرڤان بارزانی و سوودانی جه‌خت له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غداد ده‌كه‌نه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی لە دوایین چالاکییەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و هەردوولا هاوڕابوون لە به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و ئاڵنگارى و مه‌ترسییانه‌ى ڕوبه‌ڕوى وڵات ده‌بنه‌وه‌.

بەپێی  راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) له‌ كۆنفرانسى ئاسایشى میونشن، له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كۆبوه‌وه‌ و دوایین پێشهاته‌كانى گفتوگۆى هه‌ولێر و به‌غداد بۆ چاره‌سه‌ر‌كردنى كێشه‌كانیان، دۆخى ئابورى و پرسى بودجه‌ى عێراق بۆ ئه‌مساڵ، دۆخى سیاسی عێراق به‌گشتى، ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ى ڕوبه‌ڕوى وڵات ده‌بنه‌وه‌، ئاماده‌ى و ڕۆڵى عێراق له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى تاوتوێ كران.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئەوەش هاتووە" هه‌ردوولا خۆشحاڵیى خۆیان به‌ به‌رده‌وامى و هه‌نگاوه‌كانى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستور ده‌ربڕى و هاوڕابون كه‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى ئه‌و ئاڵنگارى و مه‌ترسییانه‌ى ڕوبه‌ڕوى وڵات ده‌بنه‌وه‌، كارى پێكه‌وه‌ی و هاریكاری هه‌مو هێز و لایه‌ن و پێكهاته‌كانى عێراقى ده‌وێت". 

ئەمڕۆش نێچیرڤان بارزانی لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا، لەگەڵ جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و ئیلهام عەلیێڤ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری ئازەربایجان ڕایگەیاند" کار بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی بۆ وڵاتەکەی لە هەولێر دەکرێت، لە هەمان کاتدا داوای لە نێچیرڤان بارزانی کرد سەردانی باکۆ بکات". 

دوێنێ هەینی نێچیرڤان بارزانی دوای بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بۆ بەشداریکردن لە (٥٩)مین کۆنفرانسی ساڵانەی ئاسایشی میونشن گەیشتە ئەڵمانیا.

لە میانی کۆنفرانسەکەدا کە سێ ڕۆژ دەخایەنێت بارزانی چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرس لە سەرانسەری جیهان ئەنجام دەدات.


PM:12:20:18/02/2023