بانكی ناوەندی بڕیارێك بۆ دابەزینی دۆلار دەردەكات


بانكی ناوەندی عێراق بڕیاریدا بۆ فرۆشتنی دۆلار پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی بەسەر سەرجەم بانكەكان و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕكردندا بسەپێنێت و لە سبەینێشەوە بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت. 

بانكی ناوەندی عێراق لە نووسراوێكدا كە ئاڕاستەی سەرجەم كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕ و كۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەكانی نێوەندگیری دراوی بیانی كردووە رایگەیاندووە، پێویست بوو پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی بۆ فرۆشتنی دراوی بیانی بەشێوەی كاش بەكاربهێندرێت، ئەو بڕیارەش لەسبەینێ دوشەممەوە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە. 

بانكی ناوەندی ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو بانكە یان هەر كۆمپانیایەكی ئاڵوگۆڕی دراو پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی بەكارنەهێنێت، ڕێگەی پێنادرێت پشكی هەفتانەی خۆی لە پارەی كاش دۆلار وەربگرێت.

لەو بارەیەوە جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی رایگەیاندووە، ھۆكاری ئەو تۆزە بەرزبونەوەیەی دۆلار ئەم نوسراوەی بانكی ناوەندی بوو كە لە رۆژی دووشەممەوە لە رێگای پێگەی ئەلیكترۆنیەوە دۆلار بە بانكەكان و كۆمپانیاكانی دراو ئەفرۆشێت، زۆرێك لێكدانەوەی ھەڵەیان بۆ كرد كەمێك دۆلار بەرزبۆوە.

هەروەها وتویەتی، خۆی لە راستیدا ئەمە لە بەرژەوندی بەھای دینارە، چونكە لە رێگای ئەم پێگە ئەلیكترۆنیەوە، بانكی ناوەندی چاودێری بانكەكان و كۆمپانیاكانی دراو ئەكات و ناتوانن دۆلار بە نرخی زیاد بفرۆشن، لەو نرخەی بۆیان دیاریكراوە.

ئەو نوسراوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بوو بە 150 هەزار و 500 دینار.



PM:09:22:19/02/2023