ئەمەریكا چاودێری عێراق دەكات بۆ پرسی بەقاچاغبردنی دۆلار


رۆژنامەیەكی عێراقی رایدەگەیەنێت، حكومەتی واشنتۆن چاودێری بەڵێنەكانی حكومەتی عێرق دەكات لەبارەی دۆلار و كۆنتڕۆڵكردنی گروپە چەكدارەكان.

رۆژنامەی مەدا بڵاویكردەوە، حكومەتی واشنتۆن هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی حكومەتی عێراق دەكاتەوە ئەوەش دوای ئەو بەڵێنانەی پێشكەشی ویلایەتە یەكگرتووەكانی كردووە بەتایبەت لەپرسی بەقاچاغبردنی دۆلار.

مەدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێشهاتە نوێكان چانسی سەردانی محەمەد سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقیان بۆ واشنتۆن بەهێزتركردووە كە ڕەنگە بەر لەوەی سەردانەكەی ئەنجام بدات, ئەمریكا سزای نوێ‌ بەسەر گروپە چەكدارەكاندا بسەپێنێت.

هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی كە سەركردایەتی حكومەت دەكات ڕێگە لەڕودانی هەر گرژییەك دەگرێت لەگەڵ واشنتۆن، بەمدواییانەش لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدا ئەمریكای بەدەوڵەتێكی دۆست وەسف كردووە.

رۆژنامەی مەدا روونیكردۆتەوە، دەرفەتی سەردانیكردنی سودانی ڕەنگە پەیوەست بێت بە سەپاندنی سزای نوێ‌ بەسەر گروپە چەكدارەكانی نزیك لەئێران، بەو پێیەی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەئێستادا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنەوەی بەڵێنەكانی حكومەتە لەبارەی كۆنتڕۆڵكردنی گروپە چەكدارەكان و بەقاچاغبردنی دۆلار.



PM:12:19:22/02/2023