لاهور شێخ جەنگی: کەسانێک نوێنەرایەتی ئەم دەڤەرەیان کردووە تاکە یەک پرۆژەی ستراتیژیان نییە

لاهور شێخ جەنگی دوای ئەوەی ئەمرۆ چوار شەممە رایگەیاند کە وەک هاوسەرۆکی یەکێتی دەست بەکارەکانی دەکاتەوە، هەر ئەمشەو لە پەیامێکدا رایدەگەیەنێت" بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو کەسانێک نوێنەرایەتی ئەم دەڤەرەیان کردووە تاکە یەک پرۆژەی ستراتیژیان نییە پێشکەشی خەڵکیان کردبێت".

لەو پەیامە ڤیدیۆیەدا کە ئەمشەو ٢٢ ی شوبات دوای راگەیاندنی کە وەک هاوسەرۆک دەسەڵاتەکانی پیادە دەکات، دەڵێت" دوای ساڵونیوێک لە پشوودرێژی سەرەنجام بە بڕیاری دادگا هەموو مافە سیاسییەکانمان بۆ گەڕایەوە کە بە شەرعییەتی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بە دەنگی ئەندامان و کادری دڵسۆزی یەکێتی بەدەستمان هێنابوو، هەر بۆیە لە ئەمڕۆوە وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەست دەکەینەوە بە چالاکییە سیاسییەکانمان و بە پشتیوانیی هەڤاڵان و ئەندام و کادرانمان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و عێراق هەوڵی یەکڕیزی و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییان دەدەین."

دەربارەی چۆنێتی کاری ئایندەی، لاهور شیخ جەنگی دەڵێت" ئەگەر هەڤاڵانمان ئامادەنەبوون بۆ کاری پێکەوەیی، ئەوا ناچاردەبین بە جیا و لەژێر ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پشتبەست بە یاسا و لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆدا درێژە بە خەبات و چالاکییە سیاسییەکانمان بدەین کە من و هەڤاڵەکانم هیوا بەوە ناخوازین، چونکە هەمووتان دەزانن ئەوە خزمەت بە هیچ لایەک ناکات".

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت" هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە بووە کە ڕێگری لەو پیلانگێڕییانە بکەین کە ناحەزان و نەیارانمان دەیانویست دۆخی ناوخۆی یەکێتی و دۆخی هەرێمی کوردستانیش بەرەو لێکترازانی گەورە ببەن و ئەوەی بە خەبات و تێکۆشانی چەندین ساڵەی پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو تێکۆشەران و دەیان هەزار خوێنی شەهیدی ئەم گەلە بەدەستهاتووە، لەناوی ببەن، بەڵام ئێمە لە پەرۆشیمان هەوڵی خاوکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی دۆخەکەماندا، سەرباری تیرۆرکردن و شەهیدکردنی چەند هەڤاڵێکمان کە هەرگیز لە یادیان ناکەین، سەرباری ئەوەی کە بە نایاسایی و دوور لە هەموو عورفێکی حزبی مامەڵەمان لەگەڵ کرا، بەڵام ئێمە تەنها لە خەمی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان بووین".

پەیامە ڤیدیۆیەکە ببینە..





PM:08:10:22/02/2023