لەسەر ئاستی عێراق سلێمانی بە پلەی یەکەم دێت لە بەکارهێنانی گۆشتدا

بەڕێوەبەری گوشتارگەی نوێی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" لەسەر ئاستی عێراق سلێمانی بە پلەی یەکەم دێت لە بەکارهێنانی گۆشتدا و شارێکی خۆشخۆرە". 

د. شاڵاو عارف بەڕێوەبەری گوشتارگەی نوێی سلێمانی بە ڕۆژنامەی (بازرگانی و پیشەسازی) ڕاگەیاند" لە ئێستادا هیچ کێشەیەکی کەمبوونەوەی ئاژەڵ لە شاری سلێمانی نییە، ڕاستە ڕێژەی سەربڕین کەمی کردووە، برەڵام هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیە لە ئێستادا زیاتر ئاژەڵی گەورە سەردەبڕدرێت، هەروەها سلێمانی ڕۆژانە پێویستی بە (٦٠ بۆ ٧٠) تەن گۆشت هەیە کە ڕۆژانە ئەو بڕە گۆشتە دەخینە بازاڕەوە". 

وتیشی" سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق بە پلەی یەکەم دێت لە بەکارهێنانی گۆشتدا، چونکە شارێکی خۆشخۆرە و گرنگی زۆر بە خواردنی خۆش دەدات، لەسەر ئاستی جیهانیش بەکارهێنانی گۆشت دەچێتە چوارچێوەی خۆشگوزەرانییەوە". 

د. شاڵاو عارف دەربارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور ئاماژەی بەوەکرد، سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان زۆر پاشەکشێی کردووە و گرنگی پێنەدراوە و وەبەرهێنانکردن تێیدا لاوازە و گرنگی پێدانی لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بە سامانی ئاژەڵ زۆر کەمە. 

بەڕێوەبەری گوشتارگەی نوێی سلێمانی جەختیشیکردەوە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی کاریگەرییەکی زۆر کەمی هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی کوردستان. 

ڕاشیگەیاند" سامانی ئاژەڵی ناوخۆ بەشی زیاتر لەسەدا (٤٠)ی پێویستی ناوخۆ ناکات، هەر بۆیە لەسەدا (٦٠) پێویستییەکانی گۆشت لە دەروە هاوردەی هەرێم بکرێت لە ڕێگەی فەرمی و قاچاخەوە ئاژەڵ دێتە کوردستان". 

دەشڵێت" لە ئێستادا نرخی یەک کیلۆ گۆشتی زیندە قەپان لە پێنج هەزارەوە بەرزبووەتەوە بۆ حەوت هەزار و ٨٠٠ دینار، هەروەها نرخی کیلۆیەک گۆشت لە کۆتایی ئەم پرۆسەیەدا بۆ ١٦ هەزار دینار لەسەر گۆشتفرۆشەکان دەکەوێت". 


PM:01:26:27/02/2023