سپی زانیاری ورد لەسەر چەکدارانی داعش لە جەلولاو سەعدیە بڵاودەکاتەوە

‌پێشمەرگە لە خوارماتوو
دوای رزگارکردنی ئامرلی و سلێمان بەگ لەلایەن هێزی پێشمەرگەو سووپای عێراقەوە، ئێستا چەکدارانی داعش لە باکوری دیالە ( سەعدیەو جەلەولا) لەوپەڕی دژواریدا دەژین.
سەرچاوەیەکی باڵای هێزی پێشمەرگە بە سپی میدیای راگەیاند "پاش رزگارکردنی هەردوو زنجیرە چیای حەمرین و شارۆچکەی ئامرلی و سلێمان بەگ لەلایەن پێشمەرگەو سووپای عێراقەوە، هیچ ژیانێک بۆ چەکدارانی داعش لەجەلەولاو سەعدیە نەماوەتەوەو ئێستا ئەو ‌هێزانە لەرووی سەربازیەوە گەمارۆدراون".
ئەو سەرچاوەیە وتی " هیچ رێگا چارەیەک نەماوە لەبەردەم داعشەکانی سەعدیەو جەلەولا، تەنها مردن یان خۆ بەدەستەوەدان نەبێت".
سەبارەت بە مانەوەی دەرفەت بۆ هەڵهاتنی ئەو ‌هێزانەی داعش لەو دوو شارۆچکەیە، سەرچاوەکەی سپی باسی لەوە کرد کە بەرۆژ ناتوانن دەرچن و هەڵبێن بۆ ناوچەکانی تکریت، "چونکە دەبنە ئامانجی فرۆکەکانی عێراق و فرۆکەکانی ئەمەریکا، رەنگە تەنها بەشەو بتوانن هەڵبێن".
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی میدیا کەوتووە داعش چەند رۆژێک دەبێت ئەو چەکدارانەی کە عێراقینین لە سەعدیەو جەلەولا کشاندۆتەوەو ئێستا هەر عێراقییەکانی لێ ماوەتەوە.
سەبارەت بە ژمارەشیان بەپێی سەرچاوەکەی سپی بەتەواوی ژمارەی چەکدارەکانی داعش روو لەکەمبوونەوەیە.
ئەو سەرچاوەیە وتی " مەسەلە کاتەو لەچەند رۆژی داهاتووشدا پێشمەرگە ئەو دوو شارۆچکەیە پاک دەکاتەوە".
رۆژی ٣١ی ئاب سووپای عێراق و ‌هێزی پێشمەرگە گەمارۆیی سەر ئامرلیان شکاند، ئەمرۆش هێزی پێشمەرگەو سووپای عێراق چوونە ناو    
شارۆچکەی سلێمان بەگەوە. 



PM:06:53:01/09/2014