دارایی هەرێم: لە رۆژانی پشوودا پارەی گەنمی جوتیاران دابەشدەكەین

وەزیری دارایی هەرێم ئەمڕۆ پێنج شەممە لە بڵاوکراوەیەکدا بڕیاریدا بانکەکان لە ڕۆژانی پشوودا کراوە بن بۆ دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیاران.

وەزارەتی دارایی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" بە بڕیاری ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری لە ڕۆژانی پشوودا بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی کراوە دەبن بۆ دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، چەند ڕۆژێکە دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیاران لە پارێزگاکانی هەرێم دەستیپێکردووەو وەزارەتی دارایی و ئابوریش بانکەکانی ڕاسپاردووە هەموو کارئاسانیەک بۆ دابەشکردنی ئەو پارەیە بکەن کە بڕەکەی ، ١٣٩ ملیار و ٦٨٧ ملیۆن دینارە و تایبەتە بە شایستە داراییەکانی ٢٠١٥ـی گەنمی جوتیاران، وە بەمشێوەیە بەسەر جوتیاران پارێزگاکان دابەشدەکرێت:

هەولێر ٦٠ ملیار و ٥٦٩ ملیۆن و ٧٤٨ هەزار دینار، لە سلێمانی ٤٤ ملیار و ١٢٩ ملیۆن و ٤٠٤ هەزار دینار، لە دهۆکیش ٣٤ ملیار و ٩٨٧ ملیۆن و ٩١١ هەزار دینار.


PM:06:52:02/03/2023