لێدوانی باڵیۆزی ئەمەریكا لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار


باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق رایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی سورە لەسەر كاركردنی هاوبەش لەگەڵ حكومەتی عێراق، ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمریكا ناتوانێت نرخی دۆلار لە عێراق دیاری بكات.

ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق رایگەیاندووە، وڵاتەكەی ناتوانێت نرخی دۆلار و ئەو بڕە دیاری بكات كە بانكی ناوەندی عێراق دەیخاتە بازاڕەوە و بەردەوام دەبن لە هەموو هاوكارییەكی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ جێگیركردنی نرخی دۆلار.

ناوبراو روونیكردۆتەوە، ئەو رێكارە توندانەی ئەمریكا بەرامبەر بانكی ناوەندی عێراق گرتوویەتییە بەر لە دژی سپیكردنەوەی دۆلار بووە و ماوەی دوو ساڵە لەگەڵ بانكی ناوەندی بە هاوبەشی كاردەكەن بۆ دیاریكردنی ئەو رێكارانە.

ئەو لێدوانە لە كاتێكدایە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە نرخی دۆلار بەرزبوونەوەی زۆری بەخۆوە بینیوە و لەئێستادا گەیشتۆتە سەرووی 155 هەزار دینار بۆ 100 دۆلار، تائێستاش بانكی ناوەندی عێراق نەیتوانیوە نرخەكەی بۆ 148 هەزار دینار بگەڕێنێتەوە.



PM:05:16:07/03/2023