وردەكاری سەردانەكەی ئەمڕۆی وەزیری بەرگری ئەمەریكا بۆ هەرێم


ئەمڕۆ لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریكا سەردانی هەرێمی كوردستان كرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) و مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە.

دواتر نێچیرڤان بارزانی و لوید ئۆستن كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان سازكرد، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "هاوڕابووین چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گرنگە بۆ سەقامگیری ناوچەكە"، جەختیشی كردەوە لەوەی "هەرێمی كوردستان هەمیشە فاكتەری سەقامگیری دەبێت بۆ ناوچەكە".

هەروەها لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند  "دەیان ساڵ پێكەوە كارمان كردووە، لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رووبەڕووێكی فراوانمان لە دەستی داعش رزگاركرد"، سەبارەت بە پێشمەرگەش وتی "رۆڵێكی گەورەیان هەبوو لە شەڕی دژی داعش پشتیوانی خۆمان بۆ یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان پێشمەرگە و ئەمریكا دووپات دەكەینەوە".
 
ئۆستن وتیشی "به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی ‏پێشمه‌رگه‌ ده‌ڕوانن و هه‌موو هاوكارییه‌كی پێویست بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌ ‏پێشكه‌ش ده‌كه‌ن له‌ چوارچێوه‌ی یاداشتی لێكگه‌یشتنی پێنتاگۆن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ‏پێشمه‌رگه‌.‏"

وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، "پێویستە سەرکردەکانی کورد ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و یەکبگرن بۆ بونیادنانی هەرێمێکی سەلامەت و خۆشگوزەرانی کوردستانی عێراق."

ئۆستن ئەوەشی خستەڕوو "ئەمریکا سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە لەو دیوی سنوورەوە لە لایەن ئێرانەوە دەکرێن. ئەم هێرشانە سەروەریی عێراق پێشێل دەکەن، ژیانی خەڵکی عێراق دەخەنە مەترسییەوە و دەبنە بەربەست لە بەردەم خەڵکی عێراق. ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی خەڵکی عێراق".

 



PM:06:26:07/03/2023