دەستەی دەسپاكی فیدراڵی عێراق رایدەگەیەنێت، مانگی رابردوو 43 بڕیاری دەستگیركردن و ئامادەبوون لە بەردەم دادگا بۆ گەورە بەرپرسانی وڵات دەركراون.
ئەمڕۆ فەرمانگەی لێكۆڵینەوە لە دەستەی دەسپاكی عێراق لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، لایەنە دادوەرییەكان لە رۆژی 1 تاكو 28ی شوبتی 2023دا، 43 بڕیاری دەستگیركردن و ئامادەبوون لەبەردەم دادگیان دەركردووە لە بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەكانی لێكۆڵینەوەی دەستەكە لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە و رەوانەی دادگا كراون، لەوەش 37یان بەرپرسی پلە باڵان.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، شەش لەو بەرپرسانە دەستگیركراون و 37یشیان بڕیاری ئامادەبوون لەبەردەم دادگایان بۆ دەرچووە، لەنێو ئەوانەی بڕیاری دەستگیركردن یان ئامادەبوون لە بەردەم دادوەریان بۆ دەرچووە، پێنجیان پەرلەمانتاری خولی ئێستا و یەكێكیان پەرلەمانتاری خولی پێشوو، هەروەها پێنج وەزیری پێشوو، دوو بریكاری وەزیری ئێستا هەن.