بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش سلێمانی رایگەیاند، لە باخەکەی لاهور جەنگیدا چەندین کەسی لە یاسا هەڵهاتوو کە خۆیان حەشار دابوو، دەستگیرکران.
لە روونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی کە ئەمشەو ٨ ی ئازار دەرچوو هاتووە " دوای دەستکەوتنی زانیاری و بەڵگەی پێویست لەسەر چەند جێگا و باخێکی جیاواز لەسنووری سلێمانی کە کاری نایاسایی تێدادەکرێت و چەندین کەسی لە یاسا هەڵهاتووش خۆیان تێدا حەشارداوە، پاش لێکۆڵینەوەی ورد، پاڵپشت با یاسا و دەسەڵاتی دادوەری، بڕیاردرا سەرجەم ئەو باخ، شوێن و جێگایانەی کە بۆ مەرامی کاری نایاسایی، خراپەکاری و کۆکردنەوەی هێز لەدەرەوەی دامەزراوە فەرمییەكان بەکارهێنراوە دەستی بەسەردابگیرێت". لە درێژەی راگەیاندنەکەی ئاسایشدا هاتووە " دوای رەزامەندی بەڕێز دادوەری تایبەتمەند هێزێکی هاوبەش لە هێزە ئەمنییەکان ئێوارەی رۆژی چوارشەممە٨/٣ / ٢٠٢٣ لە سنووری سلێمانی دەستیان بەسەر چەند باخێکدا گرت و دوای پشکنین و گرتنەبەری رێکاری یاسایی، دەست بەسەر چەندین لولەی بێدەنگی چەک (کاتم سەوت)، دەرمانی نایاسایی و بەڵگە دروستکردنی هێزی نایاسایی لەدەرەوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێم دا گیرا".
ئاسایشی سلێمانی ئاشکرای دەکات " چەندین تۆمەتباریش دەستگیرکران کە بەشێکیان پێشتر لەلایەن دادگاوە داواکراوبوون. بۆ هەموولایەکیشی رووندەکەینەوە ئەم کەیسە رێڕەوی یاسایی وەرگرتووە و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەو بارەیەوە دەستیپێکردووە".