بكوژانی پیشەوەرەكەی ناوچەی پیشەسازی كەلار دەستگیركران


پۆلیسی گەرمیان رایدەگەیەنێت، بكوژانی ئەو هاوڵاتییەیان دەستگیركردووە كە رۆژی سێشەممەی رابردوو لە قەزای كەلار كوژرا.

عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاندووە، دوای ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی سێشەمەی ڕابردوو لەناوچەی پیشەسازی قەزای كەلار لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە هاوڵاتیەك كە پیشەی كورەوان بوو بەناوی (نەوزاد ئەحمەد محەمەد) دانیشتووی گەڕەكی ئازادی قەزای كەلار بەفیشەك كوژرا، دەستبەجێ بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی كەلاری ڕاسپارد بۆ بەدوادا چوون و دەستگیركردنی تۆمەتباری ڕوداوەكە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، دەستبەجێ بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی كەلار لیژنەیەكی پێكهێنا و دوای كەمتر لە 24 كاتژمێر دوای تاوانەكە توانیان تۆمەتباران دەستگیر بكەن  كە دوو تۆمەتبارن و لەنەتەوەی عەرەبن و لەئێستادا دانیشتووی قەزای كەلارن.



PM:01:32:09/03/2023