ناوەرۆکی کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕاگەیەندرا

کەمێک پێش ئێستا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كۆتایی هات، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێک تاوتوێ کرا. 

بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا کورتەیەکی دەربارەی ئەنجامی سەردانی دوێنێی شاندی باڵای حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان خرایەڕوو. 

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا دوایین هەنگاوەکانی پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتی عێراق لە لایەن شاندی دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو، مەسرور بارزانی جەختی لەوەکردەوە کە هەروەک چۆن لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ، هەماهەنگییەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ هەبوو، پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بوودجەش، هەماهەنگی و لەیەکتێگەیشن لە نێوان هەردوولا هەبێت، بۆ ئەوەی یاسای بودجە بە باشی و دروستی و بەشێوەیەک جێبەجێ بکرێت کە لە خزمەتی گشت پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە پەسەندکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەکات و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، میکانیزم و ڕێکاری پێویست دادەنێت بۆ ئەوەی بڕگەکانی ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی جێبەجێ بکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات ئەم پڕۆژە یاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لە ماوەیەکی نزیکدا پەسەند بکرێت تاکو هەرچی زووە، بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە". 

هەروەها لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئێستای دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و ڕاسپاردە و پێشنیاری پێویست سەبارەت بە چۆنیەتی زیادکردنی داهاتی گشتی خرانەڕوو، بەمەبەستی پڕکردنەوەی خەرجییەکان و دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان و دابەشکردنی لە کاتی خۆیدا. 


PM:02:50:15/03/2023