كەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی كەشوهەوای یەکەم ڕۆژی جەژنی نەورۆزی بڵاوكردەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی ڕاگەیاند و دەڵێت" لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە دابارین بە پچڕ پچڕ دەستپێدەکات". 

بەپێی زانیارییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، لە کاتەکاتەکانی دوایینیوەڕۆ دابارین بەشێوەی نمە باران و کە هەندێ کات بۆ شێوەی تاوە باران و بروسکە دەبێت و سەرەتا لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم و بادینان دەستپێدەکات پاشان زۆربەی ناوچەکانی تری هەرێم دەگرێتەوە بەشێوەی پچرپچر، لە کاتەکانی ئێوارە دابارین لە زۆربەی ناوچەکان کەم دەبێتەوە، پلەکانی گەرما لە ناوچە کانی باکوور و خۆرئاوای هەرێم (شاری دهۆک و دەوروبەری) نزمدەبێتەوە وە بە (٣-٤) پلە وە  لە ناوچەکانی ناوەراست و باشووری هەرێم نزیک دەبێتەوە بە بەراوورد بە تۆمارەکانی دوێنێ. 
 
دەستەی کەشناسی هەرێم دەربارەی کەشوهەوای یەکەم ڕۆژی جەژنی نەورۆز ئاماژە بەوەدەکات، سبەینێ ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەور دەبێت لە کاتەکانی بەیانی نمە بارانى کەمی پچرپچر دەبارێت لە ناوچە شاخاویەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم بۆ کاتەکانی دواینیوەڕۆ و ئێوارە نمە بارانی پچرپچر لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەبارێ کە هەندێ جار بەشێوەی تاوە باران و بروسکە دەبێت، پاشان کاریگەری کەم دەبێتەوە لە کاتەکانی شەودا، پلەکانی گەرما نزم  دەبێتەوە بە (٣-٤) پلە بەراوورد بە تۆمارەکانی ئەمرۆ. 


AM:10:41:20/03/2023