لەتیف شێخ مستەفا: ئەمەریكا لە هەرێم بەدوای بەدیلدا دەگەڕێت


لەتیف شێخ مستەفا، پسپۆری یاسای دەستوری رایدەگەیەنێت، بەپێی راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بێت، ئەو وڵاتە بەدوای بەدیلدا دەگەڕێت بۆ هەرێمی كوردستان.

لەتیف شێخ مستەفا، پسپۆری یاسای دەستوری رایگەیاندووە، راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەتەواوەتی دەستی خستۆتە سەر پێشێلكارییەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێم بە حیزب و حكومەتەوە، دیارە راپۆرتەكە زۆر  دەقیقەو  راستی پێكاوە، چونكە خۆیان چەند ساڵە ئەم قەوارەیان دروستكردووەو خۆشیان پاراستویانەو چەندین تیمیشیان بە رەسمی و نارەسمی لە هەرێم بونیان هەیە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە، ئەم راپۆرتە وەك راپۆرتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی چاودێری مافی مرۆڤ (وەك هیومان رایتس ۆچ و ئەمێنیستی و نەتەوەیەكگرتووەكانیش) نییە، بەكو  ئەم راپۆرتە هی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایە و بەدڵنیاییەوە كاریگەری و لێكەوتەی سیاسی دەبێت، بۆیە دەتوانین بڵێین سەرەتای گەڕانن بەدوای بەدیلدا، بەدیلەكەش دەكەوێتە سەر شانی خەڵكی كوردستان.

لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا راپۆرتێكی بڵاوكردەوە و تێیدا رەخنەی لە پێشلێكاری مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان گرتبوو، دواتریش دیندار زێباری، بەرپرسی نووسینگەی راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم راپۆرتەكەی بە ناڕاست وەسفكرد.



PM:04:15:24/03/2023