سەركردەیەكی باڵای پارتی وەڵامی كونسوڵی ئەمەریكا دەداتەوە


سەبارەت بە بڵاوكردنەوەی راپۆرتێك لەلایەن ئێرڤین هیكس، كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر كە لینكی راپۆرتێكی شیكاری لە تویتەری خۆی بڵاوكردەوە و تێیدا هەرێمی كوردستانی بە هەرێمێكی كارتۆنی وەسف كردبوو، هێمن هەورامی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، پابەندبوونی نێردە دیبلۆماسییەكان بە رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەكان و رێككەوتنامەی ڤییەنش گرنگە هەبێت.
 
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە (كوردستان24)ی راگەیاندووە، پابەندبوونی نێردە دیبلۆماسییەكان بە رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەكان و رێككەوتنامەی ڤییەنش گرنگە هەبێت و وتویەتی "وەكو هەرێمی كوردستان كەموكوڕیشمان هەبێت، بەڵام لە زۆرێك لە ناوچەكانی دیكەی جیهان پێشكەوتووترین، لەگەڵ ئەوەشدا پێویست دەكات بەخۆداچوونەوەمان هەبێت، پابەندبوونی نێردە دەپلۆماسییەكان بە رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەكان و رێككەوتنامەی ڤییەنش گرنگە هەبێت".

دەربارەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق، هەورامی ئاماژەی بەوەكردووە "بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆكانی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵی هاتۆتە ئاراوە و پاڵپشتیی خۆیان بۆ رێككەوتنەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق دووپاتكردۆتەوە".

ناوبراو روونیكردۆتەوە، تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، بەشێكی سەرەكی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقە و سودانیش لە دوایین سەردانیدا بۆ هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دووپاتكردۆتەوە.

سەبارەت بە دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 18ی11ی ئەمساڵ، هێمن هەورامی دەڵێت "ئەمە نیوەی رێگاكەیە، نیوەكەی دیكە لە گۆڕەپانی لایەنە سیاسییەكان و پەرلەمانی كوردستاندایە، داواش لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین هاوكاری فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان بكەن لەبارەی پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە".



PM:02:01:27/03/2023