فراکسیۆنی پارتی دەربارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەربارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێن" لایەنێکی سیاسی لەپێناو هەندێک بەرژەوەندی حزبی دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی چەواشەکارانە و بێ بنەما". 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایانگەیاند" دوای چەندین رۆژ لە دانیشتن و گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان هێزە سیاسییەکانی پەرلەمانی عێراق، دواجار یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەران و قەزاکانی عێراق دەنگی لەسەر دراو پەسەند کرا". 

سەبارەت بە رێگرییەکانی بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، فراکسیۆنی پارتی ئاماژەیان بەوەکردوو" هەموو ئەو رێگرییانەی هەبوون بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵگیران و بۆ یەکەم جار سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەکرێتە بنەما بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بەمەش زامنی مافی دەنگدەرانی ئەو ناوچانەی بەهۆی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی لە کەرکووک دابڕابوون، وەکو: (چەمچەماڵ و کفری و کەلار و دووزخورماتوو) ناوچەکانی دیکە بکەن، هەروەها بابەتی دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک لەسەر بنەمای یەکسانی ٣٢% هەڵبگرن". 

دەشڵێن" لایەنێکی سیاسی کە خۆی بەشێک بووە لە دانوستانەکان و دەنگی لەسەر یاساکە داوە، بەڵام لەپێناو هەندێک بەرژەوەندی و پەیوەندی ژێر بەژێری حزبی، دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی چەواشەکارانە و بێ بنەما". 

ڕاگەیەندراوێک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق:

بەناوی خودای گەورەو میهرەبان 

جەماوەری خۆڕاگری کوردستان 

دوای چەندین رۆژ لەدانیشتن و گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان هێزە سیاسییەکانی پەرلەمانی عێراق ، دواجار بەرەبەیانی ئەمرۆ یاسای هەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەران و قەزاکانی عێراق دەنگی لەسەر دراو پەسەند کرا، وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان تەواوی هەوڵەکانمان خستە گەڕ لەپێناو زامن کردنی مافی دەنگدەرانمان لەهەرێمی کوردستان و کەرکوک و تەواوی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و تەواوی ناوچەکانی عێراق ، بەشێوەیەک لەکەرکوک هەموو ئەو رێگرییانەی هەبوون بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵگیران و بۆ یەکەم جار سەرژمێری سالی ١٩٥٧ دەکرێتە بنەما بۆ هەلبژاردنی داهاتوو ، بەمەش زامنی مافی دەنگدەرانی ئەو ناوچانەی بەهۆی سیاسەتی گۆرینی دیمۆگرافی لەکەرکوک دابڕابوون ، وەکو : ( چەمچەماڵ و کفری و کەلار و دووزخورماتوو )ناوچەکانی تر  بکەین ، هەروەها بابەتی دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک لەسەر بنەمای یەکسانی ٣٢٪ هەڵبگرین ، جگە لەوە زامنی دەنگی دەنگدەرانمان لە سنوری شارۆچکەی (سەرگەڕان) کرد لەرێگای ( بەردەرکردن / استثنا) کردنی ئەو شاروچکەیە لە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ ، ئەمە جگە لەوەی تەواوی ئەو خێزانانەی بەهۆی سیاسەتی تەعریب لەکەرکوک ڕاگوازرابوون بەپێی مادەی ١٤٠ دیسان مافی دەنگانیان دەبیت ،  هەروەها مادەی ٣٥ لەیاسای ژمارە ١٢ ی ساڵی ٢٠١٨ و مادەی ١٢ لەیاسایی ژمارة ١٤ ی سالی ٢٠١٩ هەڵگیران ، کە هەموویان رێگر بوون لەبەردەم هەڵبژاردنی کەرکوک ، بەوەش دەرفەتێکی زێڕ ین لەبەردەم هاوڵاتیانی کوردی شارەکە هەیە بۆ ئەوەی جارێکی تر پارێزگارێکی شەرعی بۆ ئەو شارە هەلبژێرن .

هەرلەبارەی ئاوارەکانی کەرکوک و سنجار زامنی دەنگەکانیان کرا بەوەی لەو ناوچانەی لێی نیشتەجێن  دەنگی خۆیان بۆ شارەکەیان  بدەن، لەبارەی کۆتایی مەسیحیەکانیش دووای هەوڵدانێکی زۆر سەرکەوتووبوین لەوەی مەسیحیەکانی کوردستان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت و خەڵکی تر لەجیاتی ئەوان نەچێتە پەرلەمانی عیراق .

بەڵام ئەوەی جێگای داخە لایەنێکی سیاسی کەخۆی بەشێک بووە لەدانوستانەکان و دەنگی لەسەر یاساکە داوە و هیچ هەڵوێستێکی فەرمیان لەسەر هیچ بڕگەو مادەیەکی تایبەت بە کەرکوک نەبووە ، بەڵام کاتێک گەیشتە ئەوەی لە دوواساتەکاندا لە  چەند بڕگەیەکی یاساکە  کە پەیوەندی نەبوو بە کەرکوکەوە لە بەرژەوەندی گروپێک درا کە هاوپەیمان و دۆستی ئەوانن و دژی خەڵکی هەرێمی کوردستانن ، هەر وەها لە پێناو هەندێک بەرژەوەندی و پەیوەندی ژێر بەژێری حزبی ، ئەو لایەنە سیاسیەی هەرێم دەستی کرد بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەی چەواشەکارانە و بێ بنەما ، دەیانەوێت بەو شێوەیە خەلک نائومید بکەن لەهەڵبژاردن بۆ ئەوەی دۆخی شاری کەرکوک چاک نەبێت و لەژێر دەستەیی بمێنن و هەوڵەکانی پارتی بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی شارەکە بشێوینن ، کە ناتوانن ئەوە بکەن و سەرکەوتوو نابن ..

لەکۆتاییدا پیرۆزبایی لەتەواوی خەڵکی کوردستان و کەرکوک و عێراق دەکەین و هیواخوازین هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی هەر لایەنێک قەبارەی راستەقینەی خۆی بزانێت . 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق


AM:09:42:28/03/2023