"بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاو درێژ ناكرێتەوە"

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت" بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاو چەند ڕۆژێكی ماوە و چیتر درێژ ناكرێتەوە". 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تاوەكوو ئێستا پێوەریان نەبەستووە، بۆیە پێویستە ئەو هاوبەشانەی پێوەریان نەبەستووە تاكوو ٢١ی نیسانی ٢٠٢٣ مامەڵەی بەستنی پێوەر بكەن". 

دەشڵێت" بڕیارەكە چەند جارێكی تر لەبەر بەرژەوەندی هاوڵاتییان نوێكراوەتەوە، بەڵام لە دوای ٢١ی نیسان چیتر نوێ ناكرێتەوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، كرێی بەستنی پێوەری ئاو لە سەنتەری شارە گەورەكان لە (٨٠) هەزارەوە كراوەتە (٢٠) هەزار دینار، بەڵام لە قەزا و ناحیە و كۆمەڵگەكانی دەرەوەی شارەكان لە (٨٠) هەزارەوە كراوەتە (١٠) هەزار دینار.


PM:12:00:30/03/2023