سەبارەت بە فرۆشتنی راستەوخۆی دۆلار بە هاوڵاتیان، بانكی ناوەندی روونكردنەوە دەدات


بانكی ناوەندی عێراق رایدەگەیەنێت، كردنەوەی دەروازەیەك بۆ فرۆشتنی دۆلار بە هاوڵاتیان پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە و هاوڵاتی عێراقی تەنها بۆ چەند مەبەستێك پێوستی بە دۆلارە. 

محەمەد یونس، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بەشی وەبەرهێنان لە بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاندووە، لە رێگای پلاتفۆڕمی ئەلكترۆنی و لە چوارچێوەی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە، بانكەكەین چاودێری هەموو ئاڵوگۆڕە داراییەكان دەكات.

ناوبراو روونیكردۆتەوە، ناتواندرێت دۆلار بدرێتە هاوڵاتیان، چونكە دۆلار دراوی نیشتمانی عێراق نییە و تەنها دەتواندرێت بەمەبەستی بازرگانی و گەشتكردن و خوێندن و چارەسەركردن بەكاربهێندرێت و كردنەوەی دەروازەیەك بۆ فرۆشتنی راستەوخۆی دۆلار بە هاوڵاتیان دژی رێسا نێودەوڵەتییەكانە.

بانكی ناوەندی عێراق لە ماوەی رابردوودا بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار چەند دەروازەیەكی بۆ فرۆشتنی دۆلار بە هاوڵاتیان لە چەند شوێنێك و فرۆكەخانەكان كردەوە و راستەوخۆ دۆلاری دەفرۆشت بە هاوڵاتیان بۆ گەشتكردن و بازرگانی و چارەسەری تەندروستی.



PM:03:52:01/04/2023