وادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان راگەیەنرا


بڕیارە لە 48 كاتژمێری داهاتوودا دەست بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە.

میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە، بڕیارە لە 48 كاتژمێری داهاتوودا دەست بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ژوورێكی هاوبەش بە ئەندامێتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق - سۆمۆ دروست دەكرێت كە ئەركیان فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبێت.

ئەمڕۆ (سپی) بڵاویكردەوە، لەمیانەی ئەو زنجیرە كۆبوونەوانەی لەنێوان وەفدی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق لەبەغدا سازكراوە، دوێنێ دواكۆبوونەوە لە ماڵی د.فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق كراوە كە نوێنەرایەتی هەرێمی كردووە و هەردوولا لەسەر دۆسیەی نەوت رێككەوتن.

بەپێی زانیارییەكان (سپی) پێش ئەو كۆبوونەوەیە كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم كە یەكێك بوو لە ئەندامانی وەفدی هەرێم گەڕاوەتەوە بۆ هەولێر و رەزامەندی مەسرور بارزانی و پارتی وەرگرتووە و پاشان گەڕاوەتەوە بەغدا و لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا رێككەوتوون.

سەبارەت بە وردەكاری رێككەوتنەكە كە چەند تەوەرێكە، بەپێی بەدواداچوونی سپی، سەرەتا فرۆشتنی نەوت و هەناردەكردنی دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای سۆمۆوە (بەم پێیە بێت نەوتی هەرێم بۆ هەر بەرمیلێك نزیكەی ١٢ دۆلار نرخەكەی زیاد دەكات)، تەوەرێكی دیكەش پەیوەندی بە كۆمپانیای سۆمۆوە هەیە و بڕیاردراوە جێگرێكی بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ بدرێت بە هەرێمی كوردستان.

دەربارەی وردەكارییەكانی دیكەی رێككەوتنەكە، لیژنەیەكی بەدواداچوون و وردەكاری لەبەغدا و هەرێم پێكدەهێنرێت كە لە چوار كەس پێكدێت دوو عەرەب و دوو كورد.

سەبارەت بە داهاتی نەوتەكەوە هەژمارێكی حسابی بۆ نەوتی هەرێم دەكرێتەوە لەژێر چاودێری دارایی عێراق كە تێكڕای پارەكەی بۆ هەرێم دەبێت، هەروەها ئەو لیژنەیەی كە پێكهێنراوە چاودێری و هەوڵی چارەسەری ئەو كێشانە دەدات كە لەبواری جۆری گرێبەستەكانی هەرێم و پارەپێدانی كۆمپانیاكان دێتە رێگەیان.



PM:06:25:01/04/2023