بەڕێوەبەری ئەزمڕ ئێر: هەڵوێستی بەغدا لەحكومەتی هەرێم باشتر بوو

‌بەکر سەعید، بەڕێوەبەری گشتی ئەزمەڕ ئێر

بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای ئەزمڕ ئێر كە مۆڵەتی ئیدارەدانی كارگۆی فڕۆكەخانەی سلێمانی هەیە، پێیوایە لە هێرشەكەی دوێنێی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵوێستی حكومەتی عێراق لە حكومەتی هەرێم باشترە و داواش دەكات هەرێم پشتگیری و بەرگرییان لێبكات.
 
بەكر سەعید، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای ئەزمڕ ئێر کە هاوکات جگە لە بەرێوەبرنی کارگۆکە، هاندلین کاری(خزمەتگوزارییە دەستیەکانی فڕۆکەخانەش بەڕێوە دەبەن) بە ماڵپەڕی (سپی)ی راگەیاند " فڕۆكەخانەی سلێمانی فڕۆكەخانەیەكی مەدەنییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنە و بەپێی یاسا و رێساكانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان  كار دەكات و ساڵانەش پشكنین و هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت و هەموو ستانداری نێودەوڵەتی پەیڕەو دەكات، ئەم فڕۆكەخانەیە هیچ كێشەیەكی ئەمنی و دارایی و ئیداری تێدا نەكراوە".

ناوبراو روونیكردەوە "ئەوان بەپێچەوانەی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە كە لایەنێكی تایبەت بەڕێوەی دەبات، تاكە فڕۆكەخانەن كە سەر بەوەزارەتی گواستنەوەن و داواش دەكات حكومەتی هەرێم كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكات".

بەكر سەعید وتی "جێی داخە ئەو راگەیەنراوەی جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم كە بەهانە هێنانەوەیە بۆ هێرشەكە، بۆیە هەڵوێستی بەغدا لە هەڵوێستی هەرێم باشترە، خۆم قسەم لەگەڵ محەمەد جەودەت، بەڕێوەبەری گواستنەوەی ئاسمانی عێراق كردووەو تێگەیشتنی هەبوو كە ئەم شتانەی بەرامبەر فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكرێت ناهەقییە".

بەڕێوەبەری گشتی ئەزمڕ ئێر رەخنەی لە هەڵوێستی پەرلەمانتارەكانیش گرت و وتی "پەرلەمانتارەكانیش دەبوایە ببونایە بە ئامڕازی فشاركردن، چونكە ئەم فڕۆكەخانەیە موڵكی هەرێمی كوردستانە".

سەبارەت بەوەی شەڕڤانان لەفڕۆكەخانەی سلێمانییەوە هاتووچۆ دەكەن، بەكر سەعید وتی "كۆپتەرەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان پێویستیان بەوە نییە بێنە فڕۆكەخانەی سلێمانی، بەڵكو ئەوانە كۆپتەرن و دەتوانن لە شوێنی خۆیان بەرز ببنەوە، تەنها جۆرێكی تایبەتی فڕۆكە لە فڕۆكەخانەكان دەنیشنەوە كە جۆرێكی تایبەتی فڕۆكەیە و هی ئەمەریكییەكانە و ئەم فڕۆكەیەش ناچێتە ناو چوارچێوەی فڕۆكەی سەربازییەوە".

هەروەها وتیشی "داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین دەوری خۆی ببینێت و بەرگری لەم فڕۆكەخانەیە بكات، چونكە ئەم فڕۆكەخانەیە هی لایەنێكی دیاریكراو نییە و كۆمەڵێك خەلًك هاتووچۆی لێوە دەكەن، قورسە بۆیان بڕۆنە شوێنی دیكە بۆ گەشتكردن".

پاشنیوەڕۆی دوێنێ كاتژمێر 4.18 خولەك فڕۆكەی درۆن هێرشیكردە سەر جێگەیەكی نزیك لە كارگۆی فڕۆكەخانەی سلێمانی و ئەم هێرشە كە هیچ زیانێكی لێنەكەوتەوە، دەنگدانەوەی گەورەی لە نێو حیزب و میدیاكاندا دروستكرد.



PM:02:21:08/04/2023