ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بەمەبەستی چاکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ تورکیا و کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی سەردانی تورکیای کرد.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی (ماوە بۆ درێژ کراوە ) گەیشتۆتە تورکیا".
بەپێی زانیاریەکان بڕیارە قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و لەنێویانیشاندا هاکان فیدان بەرپرسی دەزگای میتی تورکی کۆبێتەوە.
دەربارەی ئامانجی سەردانەکە ئاسای کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و تورکیایە، هەروەها کردنەوەی ئاسمانی تورکیایە بە ڕوویی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی وئەنقەرە.
دوێنێ قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ باڵووێزی تورکیا وبەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە لە بەغداد کۆبۆوە.
بە پیی زانیارییە سەرەتاییەکان داواکارییەکانی تورکیا لە یەکێتی، گەمارۆدان و کەمکردنەوەی چالاکییەکانی پەکەکە و هێزە نزیکەکانی پەکەکە دەبێت.
ئەم جمووجۆڵیەی قوباد تاڵەبانی دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی ٧ی نیسان، درۆنەکانی تورکیا ئامانجێکی هاوبەشی ئەمەریکا و کوردانی ڕۆژئاوایان دەستنیشانکرد و بۆردومانی فڕۆکەخانەی سلێمانی کرد بەڵام هیچ زیانێکی گیانی ومادی نەبوو.
ماڵپەڕی سپی پەیوەندی کرد بە نوسینگەی قوباد تاڵەبانیەوە بۆ پشت ڕاستکردنەوە و وەرگرتنی زانیاری زیاتر، بەڵام لەم بارەیەوەی لێدوانی فەڕمی دەست نەکەوت.