بەرگری ئەمەریكا: هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی 100 مەتر لە هێزەكانمان دوور بوو



وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی 100 مەتر لە هێزەكانی ئەمریكا و فەرماندەی گشتی هەسەدە دوور بووە. 

ئەمڕۆ پاتریك رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا (پێنتاگۆن) لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەركی هێزەكانیان لە گەشتەكەیان لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە لە سلێمانی لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعشدا بووە و هێزەكانی ئەمریكا و هێزە نێوخۆییە هاوبەشەكانیان لە عێراق  و سووریان لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش شەڕ دەكەن.
 
پاتریك روونیكردۆتەوە "دەتوانین پشتڕاستی بكەینەوە كە ئەو روودوە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە و زیاتر لە 100 مەتر لە كاروانەكە دوور بووە، ئێستاش فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا (سێنتكۆم) لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكات). 
 
ئێوارەی هەینی رابردوو بە درۆن هێرشكرایە سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی و لەو كاتەشدا مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە و چەند سەربازێكی ئەمەریكی لە فڕۆكەخانە بوون و دواتر بەرەو رۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتنەوە.



PM:11:05:13/04/2023