ئەو دوو مامۆستایەی زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستی خوێندکارێکیان کوژران، بەشەهیدی سەنگەرو بەگشت ماف‌و ئیمتیازاتەوە تۆمارکراون



 ئەو دوو مامۆستایەی زانکۆی سەلاحەدین کە ساڵی پار لەلایەن خوێندکارێکیانەوە کوژران، بە شەهیدی سەنگەرو پارەیەکی زۆر خانەنشین کراون، ئەم هەنگاوەش  دژی یاسای چاکسازی ساڵی ٢٠٢٠ ی حکومەتی هەرێمە.

بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی یەکێک لەو مامۆستایانە کە  کۆپیەکی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووەو بەرواری ٥/٢/٢٠٢٣ و واژۆی عەبدوڵای حاجی مەحمودی وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی لەسەرە و بڕیارەکە بەپێی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتی دیوان ژمارە ( ١٨٤٥٥ لە ١٩/١٢/٢٠٢٢ ی دەرچووە، ئەو دوو مامۆستایە بە شەهیدی سەنگەر و بە مووچەیەکی زۆر خانەنشین کراون بە گشت ئیمتیازاتەکانەوە.

بەپێی بەڵگەنامەکە یەکێک لە مامۆستاکان کە لە خوارەوە وێنەیەکی دانراوە، بە شەهیدی سەنگەر بە گشت ماف و ئیمتیازاتەوە خانەنشین کراوەو، بڕی مووچەی مانگانەی ٤ ملیۆن و ٦٨٨ هەزارو ٢٠٠ دینارە. 

 بەپێی یاسای چاکسازی کە ساڵی ٢٠٢٠ دەرکراوە، "نابێت کار بە هیچ یاسا و پەیڕەو رێنمایی و بڕیارێک بکرێت لە دەرەوەی یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە دەرچووبێت".    
 
بەیانی رۆژی ٢٨ ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، "بکوژێک" کە خوێندکارێکی زانکۆ بوو راگری کۆلێژێکی زانکۆی سەلاحەدینی لەنێو حەرەمی زانکۆ دایە بەر گولـلە و کوشتی، هاوکات پاسەوانێکی مەدەنیی زانکۆشی بریندارکرد، دوای ئەوە هەڵیکوتایە سەر ماڵی دکتۆرێکی تری زانکۆکە  و ئەویشی لە ماڵەکەی خۆیدا کوشت.

ئەمە لەکاتێکدایە کە وارسی شەهیدێکی سەنگەر مانگانە تەنها ٥٠٠ هەزار دینار و خێزانێکی ئەنفالکراو ئەگەر ١ تا ٣ شەهیدیان هەبێت، مانگانە تەنها ٤٥٠ هەزار دینار وەردەگرێت، هەروەها بۆ وارسێکی ئەنفالکراو کە لە خێزانەکەیاندا سەروو چوار شەهیدیان هەبێت، مانگانە تەنها ٩٠٠ هەزار دینار وەردەگرێت.

وەزارەتی شەهیدان بە گەڕانەوە بۆ یاسای چاکسازی دەرماڵەی هەموو ئەو باوک و دایکە پەککەوتوانەی شەهیدانی بڕی کە مانگانە ٧٥ هەزار دیناریان بۆ بڕابووەوە بەمەبەستی خزمەتکردنیان.


PM:12:13:14/04/2023