هۆشداری لەدواخستنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەدرێت


ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان رایدەەیەنێت، بەم شێوازەی ئێستای پەرلەمان ناتوانێت ئامادەسازییەكان بكات، ئەگەر وا بڕوات دیسانەوە لەوادەی دەستنیشانكراوی دواخراودا هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت.

ئینستیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لەڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ (سپی) نێردراوە رایگەیاندووە، ئەگەر هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراودا ئەنجام نەدرێت و پەرلەمان بە ئەركەكانی خۆی هەڵنەستێت، لێپرسراو دەبێت لەوەی هەرێم دەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە،  حوكمرانیی هەرێم متمانەی خۆی بەتەواوی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەدەست دەدات و ئەزمونەكەی لەلایەن دۆست و هاوپەیمانەكانیەوە لەكەدارتر دەبێت.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، بە ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن پەرلەمان بە یاسا تەمەنی خۆی درێژكردۆتەوە و بیانوی درێژكردنەوەكەشی تەنها بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بوو كە لەو ماوەیەدا ئامادەكارییەكان نەكرابێت و هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، ئەمەش دەریدەخات لە بنچینەدا مەبەست لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئەنجامدان و ئامادەكاریی هەڵبژاردن نەبووە.

ئینستتیوتی پەی وتویەتی، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكان جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكەنەوە، بە دواخستن و ئەنجامنەدانی سۆز و پاڵپشتی دۆست و هاوپەیمانەكان كەم دەبێتەوە و تێڕوانینێكی نێگەتیڤانەتر لەسەر هەرێم دروست دەبێت، بەمەش هەرێمی كوردستان وردەوردە پاڵپشتی دۆستەكانی لەدەستدەدات، هەروەها بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نایاسایی بونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەردەچێت، چونكە ئەوەی تێبینی دەكرێ تا ئێستا دادگاكە موراعاتی هەرێمی كردوە كە بڕیارەكەی دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەرنەكردوە، بەدەرچونی بڕیارەكەش ئەوەندەی تر هاوكێشەكان ئاڵۆزتر دەبن و بە زیانی هەرێم دەشكێنەوە.

ساڵی رابردوو دەبوایە هەڵبژاردن ئەنجام بدرایە، بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكان نەتوانرا هەڵبژاردن بكرێت، لەماوەی رابردووشدا جارێكی دیكە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) رۆژی 18ی 11ی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردن دیاریكردووە.



PM:04:01:15/04/2023