تیمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوو پێشنیاریان خستۆتە بەردەم قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی بۆ گەڕانەوەیان بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.
كەناڵی كوردستان24ی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم (ماوە درێژكراوە) بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەی رۆژی دووشەممەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاری یەكێتی، شاندەكەی حكومەت دوو پێشنیازیان خستووەتە بەردەم تیمی یەكێتی.
هەر بەپێی هەواڵەكە، پێشنیازی یەكەم ئەوە بووە قوباد تاڵەبانی و تیمەكەی پێكەوە بگەڕێنەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران لەوێ قسە لەسەر كێشەكان و چارەسەرەكانی بكرێت.
پێشنیازی دووەمیش ئەوە بووە كە سەرەتا تیمی وزاری یەكێتی بگەڕێتەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، دواتر قوباد تاڵەبانی بگەڕێتەوە.
وەك كوردستان24 بڵاویكردۆتەوە، قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاری یەكێتی بۆچوونێكی پێچەوانەیان هەبووە، قوباد تاڵەبانی و تیمەكەی داوایان كردووە سەرەتا كێشەكانیان و داواكارییەكانیان جێبەجێ بكرێت دواتر ئەوان دەگەڕێنەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران.
كوردستان24 زانیویەتی، داواكارییەكانی تیمی وەزاری یەكێتی پەیوەندی بە پرسی ناردنی پارە و دۆخی دارایی پارێزگای سلێمانییەوە هەبووە، هەروەها چارەسەركردنی ئەو پرسە ئەمنیانەی لەچەند مانگی رابردوو روویاندا.
بڕیار وایە پێشنیازەكان بگەڕێندرێنەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و لەوێ تاوتوێ بكرێن.