وەزارەتی بازرگانی عێراق: بەشەخۆراکی سێ مانگی داهاتوو ئامادەکراوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند "بەشەخۆراکی سێ مانگی داهاتوو لە کۆگاکاندا عەمبارکراون و لەم وەرزەدا چوار ملیۆن تەن گەنمی ناوخۆیی دەخاتە بازاڕەوە".

ئەمڕۆ دووشەممە، ستار جابری بریکاری وەزیری بازرگانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بەشی پێوستیی ناوخۆ گەنم هەیە و لەم وەرزەشدا چوار ملیۆن تەن گەنمی ناوخۆیی دەگاتە بازاڕەکان و سەرەڕای ئەوەش شەش کەشتی گەنمی هاوردەکراو گەیشتوونەتە بەندەری مینای عێراق.

باسی لەوەشکرد، لە ماوەی سێ مانگدا سێ سەبەتەی خۆراکیان بۆ هاوڵاتیان دابین کردووە و بەشی سێ مانگی داهاتووش خۆراک لە کۆگاکان عەمبارکراون.

سەبارەت بە ئاستی خۆبژێوی جابری وتی، تا ئێستا بەرهەمی ناوخۆ نەیتوانیوە پێداویستی چل ملیۆن هاوڵاتی عێراقی پڕ بکاتەوە و لەبەر ئەو هۆکارە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی جیهانی رێککەوتن کراوە تا پێداویستی ناوخۆیی عێراق پڕ بکرێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، مانگانە عێراق لە رێگای سەبەتەی خۆراکەوە چەند ماددەیەکی خۆراکی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکات و لە مانگی رەمەزاندا چوار ماددەی خۆراکی بۆ ئەو مانگە زیادکرا بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق.


PM:04:29:19/04/2023