وەزارەتی دارایی سەبارەت بە سستی دابەشكردنی موچەی سلێمانی روونكردنەوە دەدات


وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم هۆكاری دواكەوتنی مووچەی چەند وەزارەتێك لە شاری سلێمانی بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێنێتەوە.


ڕونكردنەوەیەك لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

لەچەند پەیج و دەزگایەكی ڕاگەیاندن چەند هەواڵێكی چەواشەكارانە سەبارەت بە سستی دابەشكردنی مووچەی چەند وەزارەتێك لە سلێمانی بڵاوكراوەتەوە كە هۆكارەكەیان بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە كە وەزارەتی دارایی پارەی پێویستی بۆ مووچە نەناردووە بەپێوستمان زانی ئەم ڕونكردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بخەینە ڕوو:-
 ١-هاوشێوەی مانگەكانی ڕابردوو پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی لە لایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە بەچەند سلفەیەك كە كۆی گشتی ٢٨٩ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دینار بووە كە دەكاتە زیاتر لە ٨٠ ٪ تێكڕای مووچەی مووچەخۆرانی ئەو سنورە .  
٢-كۆی گشتی پارەی پێویست بۆ مووچە لە سنوری سلێمانی ٣٦٢ ملیارو ٣٠٠ ملیۆن دینارەو ئەو كورتهێنانەی دروست دەبێت لە داهاتی ناوخۆ پڕدەكرێتەوە هاوشێوەی هەولێرو دهۆك.    
 ٣- وەك پێشتریش بلاومانكردەوە ڕێكەوتن لەسەر پشكی ( ٥٧ ٪ ) پشكی لە ( ٤٣ ٪ ) وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسیار نییەو زۆر دژیەتی، كە پێشتر بۆ دابەشكردنی داهاتی نەوت ڕێكەوتنی لەسەر كراوە.    
٤- كێشەی كورتهێنان و كەمبونەوەی نەختینە لە بانكەكانی سلێمانی نوێ نییەو لە ساڵی ٢٠٢١ وە دەستی پێكردووە، كورتهێنانیش لە بانكەكانی سلێمانی گەیشتە یەك ترلیۆن دینار .   
 ٥- بەڕێز وەزیری دارایی هەموو هەوڵ و توانای خۆی بۆ چارەسەری كێشەو گرفتە داراییەكانی سلێمانی و هەرێمی كوردستان خستۆتە گەڕو بەهەوڵی جەنابیان مانگی پێشووتر بڕی ٣٤ ملیار دینار زیاتر لە پشكی سلێمانی لەوەزارەتی داراییەوە ڕەوانەی بانكەكانی سلێمانی كراوەو لەمانگەكانی كۆتایی ساڵی ڕابردووش جارێكی تر بڕی ٢٩ ملیار دینار لەدەرەوەی پشكی سلێمانی بۆ بانكەكانی سلێمانی نێردراوە.        
 لە كۆتایدا پێویستە بوترێت كە كێشەی سلێمانی هەندێك كێشەی بابەتی و خۆییە كە دەكرێت بۆ چەند خاڵێك كورت بكرێتەوە.  
١- كەمبونەوەی داهاتی ناوخۆیی پاریزگاكە.                                       ٢-ڕێكەوتنی دابەشكردنی داهات بە ڕێژەی لە ( ٤٣ ٪ ) بە ( ٥٧ ٪ ).       
٣- نەمانی پارەی كاش ( سیولە لە بانكەكان ) .



PM:08:52:19/04/2023