یەكگرتووی ئیسلامی: خەڵك خۆزگە بەسەردەمی پڕ لە جەور و ستەمی ڕژێمی بەعس دەخوازن


یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت "بەهۆی تاڵانفرۆشی و دزی و گەندەڵی بەچەشنێك دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانیان قورس كردووە كە خۆزگە بەسەردەمی پڕ لە جەور و ستەمی ڕژێمی بەعس بخوازن".

لقی پشدەری یەكگرتووی ئیسلامی رایگەیاندووە "جەماوەری ستەمدیدەی كوردستان هاوشاریانی بەشمەینەت و پەراوێز خراوی قەزای پشدەر دوای تێپەڕینی نزیك بە نیو سەدە بەسەر دوو ڕوداوی گرینگی ئەم سنورە كە هێمای مەزڵومیەت و سمبولی بەگژداچوونەوەی ستەم و نادادین ئەوانیش بۆردومانی 24/4/1974 و ڕاپەڕینە جەماوەرییەكەی 24/4/1982 ی شاری قەڵادزێن كە تێیدا ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی سڤیل و بەتایبەت قوتابیانی زانكۆ تێیدا شەهید و بریندار بوون جگە لە گرتن و ئەشكەنجەدانی ژمارەیەكی تر، لەگەڵ ئەمەش ڕاپەڕینی شارەكە بوو بە دانانی سنورێك بۆ مڵهورییەكانی ڕژێمی بەعس و هەوێنی چەندین دەستكەوت بۆ ئەو سەردەمە".

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە "ئەگەرچی ئەم مێژووە پڕ لە خوێن و قوربانیدانەی پشدەرییەكان بوون بە بەشێك لە خشتی بونیادی حكومەتی هەرێم كە لە سایەیدا دوای ئەم هەموو زام و زوڵمە پشوێك بدرێت، بەڵام مەخابن بێباكی و قۆرخكاری دەسەڵاتدارانی حوكمی خۆماڵی زامەكانیان قوڵتر كردووە بەهۆی تاڵانفرۆشی و دزی و گەندەڵی بەچەشنێك دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانیان قورس كردووە كە خۆزگە بەسەردەمی پڕ لە جەور و ستەمی ڕژێمی بەعس بخوازن".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "ئێمە وێڕای ئیدانە و نەفرەت لە دڕەندەیی و ستەمی ڕژێمی بەعسی ڕوخاوی عێراق و بێ هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەم تاوانە نامرۆڤانەیە، هاوخەمیمان بۆ بنەماڵە و كەس وكاری ئازیزی شەهیدان و زیانلێكەوتووانی ئەم سنورە، هاوكات بەهۆی بێ باكی دەسەڵاتدارانی هەرێم و نیگەرانی و پەرۆشیمان بۆ دۆخی خراپی جەماوەری كوردستان و ئاوڕنەدانەوە لە وێرانییەكانی قەزای پشدەر بەشداری مەڕاسیمی تایبەت بە بۆردوومان و ڕاپەڕینی شاری قەڵادزێ ناكەین، كە ساڵانێكە جگە لە بەڵێنی بێ كردار و قوڵتر كردنی زامەكان چی دیكە نەبووە".



PM:03:06:23/04/2023