ئارام حەسەن و شەرمین عەلی ئازاد کران

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئارام حەسەن و شەرمین عەلی هاوسەری بە کەفالەت ئازاد کران.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی میدیا)، ئەمڕۆ هەریەکە لە ئارام حەسەن و شەرمین عەلی هاوسەری کەمێک پێش ئێستا بە کەفالەت ئازادکران. 

ئارام حەسەن پێشتر بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەروازەی پەروێزخان و شەرمین عەلی بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەکە بووە و ڕۆژی ٢٦ی مانگی ڕابردوو هەردووکیان لە ماڵەکەی خۆیاندا لە گەڕەکی شەهیدانی کەلار دەستگیرکران. 

هەروەها دوێنێش دەزگای ئاسایشی هەرێم رونکردنەوەیەکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" هەردوو ڕاگیراو ( ئارام حەسەن و شەرمین عەلی) هیچ پەیوەندییەکیان بە کاری ڕۆژنامەوانی و ڕێکخراوەی و ئازادی ڕادەربڕینەوە نییە، هەردوو ناوبراو بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە بە ماددەی (٣٤١)ی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون، چونکە فەرمانبەری حکومەتن و هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان ڕوونە".


PM:01:51:04/05/2023