لە هەرێم دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا دەسیپێکرد

بەیانی ئەمڕۆ هەینی لە کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد. 

بەپێی زانیارییەکان،  کاتژمێر (٩:٠٠)ی بەیانی ئەمڕۆ بنکەی دەنگدان لە ناو کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر بە ڕووی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە کرایەوە و پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد. 

بڕیارە پرۆسەکە لە پارێزگاکانی هەولێر و بەغداد و بەسرە سێ رۆژ بەردەوام بێت. 

پێنج هەزار و ٧٤١ کەس کە هەڵگری رەگەزنامەی تورکیان لە عێراق مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ٨٣٤ کەسیان لە هەرێمی کوردستانن. 

هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بڕیارە لە ١٤ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

تائێستاش چوار کەس بە فەرمی خۆیان بۆ سەرۆکایەتی تورکیا کاندید کردووە، کە رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) کە لەلایەن چوار پارتەوە پشتیوانی لێدەکرێت، کەمال کڵچدارئۆغڵوش کاندیدی هاوبەشی (هاوپەیمانی میللەت)ە کە لەلایەن شەش حزبی ئۆپۆزسیۆنەوە پشتیوانی دەکرێت و موحەرەم ئینجە کاندیدی پارتی نیشتمانییە و سینان ئۆگانیش کاندیدی هاوپەیمانی ئاتایە کە بریتیە لە چوار حزب.


AM:10:40:05/05/2023