بڕیارێكی دیكە بۆ پارەی ئاوی ماڵان دەركرا

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ئاشكرای دەكات، بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی، پارەی ئاوی ماڵان دەكرێتە قیست و ئەو پارەیەی لەسەر هاووڵاتیان بووە بە قەرز دەتوانن بە ٦ قیست بیدەنەوە.

ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی وتی، "بە پێی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، لەمەودوا هەر هاوبەشێكی ئاو، كە قەرزداری پارەی ئاوە و لەسەری كەڵەكە بووە دەتوانێت بە قیست بیداتەوە، بەو مەرجەی ئەو قەرزەی لەسەریەتی لە٢٠٠ هەزار دینار زیاتر بێت”.

وتیشی، "شێوازی قیستەكە بە جۆرێكە، پێشەكی %٢٥ ی پارەكە وەردەگیرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە دەكرێتە ٥ قیستی دیكە هەر قیستەی %١٥ ی پارەكە بدات”.

ئامانج جەلال بۆ (خەڵک) ئاشكراشی كرد، ئەو هاوبەشانەی هەموو پارەی قەرزی ئاو دەدەنەوە %١٥ لێخۆشبوونیان لە پارەكە بۆ دەكرێت و ئەو بڕیارەش تا ١٠ی ئەم مانگە كاتی ماوە و كۆتایی دێت، بەڵام دانەوەی پارەی قەرزی ئاو بە قیست ماوەی بۆ دیاری نەكراوە و بۆ كارئاسانی هاووڵاتیانە.

لەماوەی ڕابردوودا وەزارەتی شارەوانی پارەی ئاوی بۆ ئەو هاوبەشانە كەم كردەوە، كە پێوەری ئاویان نییە بۆ ئەوەی پێوەرببەستن و لەناوشار پارەی مانگانە لە ٨٠ هەزارەوە كرا بە ٢٠ هەزار و لەدەرەوەی شار بە ١٠ هەزار، بەڵام ماوەكەی لە ٢١ی نیسان كۆتایی هات و لە ئێستتاشدا لێخۆشبوونی %١٥ی پارەی ئاو تەنها ٥ ڕۆژی ماوە و لە ١٠ی ئەم مانگە كۆتایی دێت.



PM:08:41:06/05/2023