بەرپرسێكی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق روونكردنەوە دەدات


بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆدەنگیەك هەیە بۆ داڕشتنەوە و هەمواركردنەوەی ماددەی ١٢  كە تایبەتە بە شایستە داراییەكانی هەرێم، بۆ ئەو مەبەستەش  لیژنەیەكی وەزاریی پێكهاتووە.

ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "لابردنی كۆت و بەندەكانی سەر خەرجكردنی شایستە داراییەكانی مانگانەی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجە لە كۆبونەوەی   ئەنجومەنی وەزیران لە بەغدا گفتوگۆی لەسەر كراوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، "لە كۆبونەوەكەدا كۆدەنگیەك هەبووە بۆ داڕشتنەوە و هەمواركردنەوەی ماددەی ١٢ كە تایبەتە بە شایستە داراییەكانی هەرێم و سەرۆك وەزیران لیژنەیەكی وەزاریی و فەرمانگەی قانونی ڕاسپاردووە بۆ هەمواركردنەوەی ئەو ماددەیە لەبەر ڕۆشنایی استحقاقی هەرێم بەپێی ڕێكەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حكومەت".
 
ئامانج رەحیم روونیكردۆتەوە "ماوەی چەند ڕۆژێكە لەو توێژینەوەیەی بڵاویكردۆتەوە پێشنیاری هەمواركردنەوەی ئەو ماددەیەی كردبوو پشن  ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی كردبوو لە بەغدا، كە بە پێی داڕشتنی ئێستای كێشەی جددی دروست دەكات بۆ ناردنی شایستەی مانگانەی هەرێم بە پێی خشتەكانی هاوپێچ". 

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران وتویەتی "هیوادارم ئەم هەوڵانە بە تەواوی بگەنە ئەنجام و كۆت وبەند و ڕێكاری جیاكاری لەسەر هەرێم نەمێنێت و هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٣ و بە هەمان میكانیزمی پەیرەوكراو بۆ بەشە بودجەی باقی عێراق هەرێمیش مامەڵە بكرێت، بە تایبەتیش كە بەهانەی فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆ نەماوە و لێرە بەدواوە سۆمۆ نەوتەكە ئەفرۆشێ و داهاتی نەوتی هەرێمیش خراوەتەوە ناو داهاتی خەزێنەی گشتی عێراق و سەرەڕای ئەوەش نیوەی داهاتی دەروازە سنووریەكانی هەرێمیش دەچێتەوە خەزێنەی گشتی عێراق".



AM:11:31:10/05/2023