سوپای عێراق دروێنه‌ و ئاودانی له‌ جوتیارانی كورد قه‌ده‌غه‌ كرد و هه‌ركه‌سێك بیكات ده‌ستگیر ده‌كرێت

سوپای عێراق بە فەرمی سەرجەم جوتیارانی كوردی جوڵەیەكی كشتوكاڵی لە سنووری سەرگەڕانی سەر بە پارێزگای کەرکوکی ئاگادار كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ نابێت هیچ جوڵه‌یه‌كی كشتوكاڵی له‌ دروێنه‌ و ئاودان بكه‌ن و ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ بكه‌ن، ده‌ستگیر ده‌كرێن.

محەمەد ئیسماعیل، نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان بە كه‌ناڵی كوردستان24ی راگەیاند، "سوپای عێراق به‌ سه‌رجه‌م جوتیارانی سنوره‌كه‌ی وتوه‌: هەر كەسێك كاری كشتوكاڵی و ئاودان و دروێنە بكات دەستگیر دەكرێت و سزادەدرێت، هاوكات داواشیكرد بەپەلە سەركردایەتی سیاسی كورد بێنەسەرخەت و لە ئەگەری چارەسەرنەكردنیشی، ماندووبوونی ئەمساڵیان دەفەوتێ و مەترسی سوتاندنی بەرووبوەمەكانیش هەیە".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌رئه‌مڕۆ ‎لە كاتی رشاندنی دەرمان و كاری كشتوكاڵی سوپای عێراق، جوتیارێكی كوردیان لەگوندی پەلكانەی سەربە شارەدێی سەرگەڕان دەستگیركرد.

جوتیارەكە ناوی ‎محەمەد عەلی رەحمانە و تەمەنی 23 ساڵە، برایەكی دەستگیركراوەكەش وتی: "سوپای عێراق تەنانەت دوو گەنجی كورد پێكەوە ببینن بڵاوەیان پێدەكەن و دەڵێن بڕۆنەوە ماڵەوە".


PM:05:10:10/05/2023