دەزگای ئاسایشی هەرێم: سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەری ڕاگەیاند و دەڵێت" سەرجەم تۆمەتبارەکان لە شاری سلێمانی و کفری دەستگیرکراون". 

بەپێی راگەیەندراوێكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان كە وێنەیەكی دەست ماڵپەڕی (سپی میدیا) كەوتووە و تێیدا هاتووە" لە ئەنجامی كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون بۆ بەرەنگاربوونەوە و دەستگیركردنی بازرگانان و بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، لەپێناو ئارامیی كوردستان و ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی هەر جۆرە ماددەیەكی هۆشبەر كە زیان بە كۆمەڵگا و ئابوریی وڵاتەكەمان دەگەیەنێت، پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە دوو هەڵمەتی جیاوازدا لە هەردوو شاری سلێمانی و كفری توانیان سێ تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربكەن".

دەزگای ئاسایش ناوی بازرگانەکان و تەمەنیانی ئاشکراکردوە و ڕایدەگەیەنیت: 

( ش ، ع ، م ) لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٨ دانیشتوی سلێمانی

( أ ، ع ، ع ) لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٤ دانیشتوی سلێمانی

( ح ، ک ، أ ) لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٦ دانیشتوی کفری

ئەوەش هاتووە" سەرجەم تۆمەتباران بەپێی ماددەکانی ( ٢٦ ) و ( ٣٠ ) لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەیان بەردەوامە". 



PM:10:01:10/05/2023