سیاسەتمەدارێکی باکووری کوردستان ڕادەستی حکومەتی عێراق دەکرێتەوە

نشینگه‌ی پارێزگای هه‌ولێر له‌باره‌ی راگرتنی ژنە سیاسەتمەدارێکی باکوری کوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و دەڵێت" ناوبراو دۆسێیەکەی ڕادەستی حکومەتی عێراق دەکرێتەوە". 

بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی پارێزگای هەولێر لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" سەبارەت بە بابەتی راگرتنی کەسێک بە ناوی (عەزیمە ئارسون) لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بە هەموو لایەکی رادەگەیەنین کە ناوبراو هەوڵیداوە بە پاسپۆرت و بەڵگەنامەی ساختەی عێراقی لە رێگەی فڕۆکەخانەوە، سەفەری ده‌رەوە بکا و لەلایەن پۆلیسی نشینگەی فڕۆکەخانەوە بەڵگەنامە ساختەکانی ئاشکراکراوە". 

دەشڵێت" پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە ناوبراو لە لایەن دامەزراوە ئەمنییە فیدڕاڵییەکانی عێراقەوە داواکراوە و لەسەر داوای ئەوان راگیراو و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و رادەستی لایەنی داواکراو لە حکومەتی فیدراڵی دەکرێتەوە". 

ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە میدیاكانی نزیك لە پەكەكە بڵاویانكردەوە، عەزمیە ئارسوون ژنە سیاسەتمەداری كورد و خەڵكی شاری شرناخی باكوری كوردستان لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دوای ئەوەی هەوڵیدا بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی بچێتە دەرەوەی هەرێم لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیرکراوە.


AM:10:08:11/05/2023