" سپی " هۆکاری بەشداری نەکردنی بافڵ تاڵەبانی لە یادگەی بارزانیدا ئاشکرا دەکات

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی بەشداری مەراسیمی یادگەی نیشتمانیی بارزانیدا نەکرد، " سپی " زانیوویەتی پەیوەندی بە باری تەندروستیەوە هەیە.

ئەمڕۆ لە ناوچەی بارزانی زۆرێک لە سەرکردەی حیزب و دەزگا رەسمییەکانی هەرێم و سەرتاسەری عێراق بەشداری مەراسیمی ( یادگەی نیشتمانی بارزانی ) یان کرد، بەڵام ژمارەیەک لە بەرپرسانی حیزبی و حکومی هەرێم و عێراق نەبینران، یەکێک لەو بەرپرسانە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بوو، لە کاتێکدا قوباد تاڵەبانی بەشداربوو، ماڵپەڕی ( سپی ) زانیوویەتی کە بەشداری نەکردنی سەرۆکی یەکێتی پەیوەندی بە نەخۆشیەکەیەوە هەیە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی ( سپی ) کەوتووە زۆرێک لە بەرپرسانی کورد کارتی بانگهێشتنامەیان بە دەست گەیشتووە، ژمارەیەکیان بەشداریان نەکردوە بە هۆکاری جیاجیا، هەرچی بافڵ تاڵەبانییە بەهۆی نەشتەرگەریەوە بۆ شانی بەشداری مەراسیمەکەی نەکردووە.

بافڵ تاڵەبانی ماوەی چەند هەفتەیەک لە دەرەوە وڵات بووەو نەشتەرگەری بۆ شانی کراوە، هەر لەبەر ئەو هۆکارەش بەشداری نەکردووە.
هەفتەی رابردوو لە دوای بینینی کتوپڕی نێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی کە ( ماوەی حوکمڕانیان بۆ درێژکراوەتەوە) پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی چۆتە قۆناغێکی ئاسایی بوونەوەو پێشبینیش دەکرێت لە رۆژانی داهاتوو مەکتەبی سیاسی هەردوولا کۆببنەوە.   



PM:08:10:11/05/2023