لە قەزای کۆیە شەڕە تەقە ڕوویدا و کەسێک کوژرا و چوار کەسی دیکەش بریندارن

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە بەهۆی شەڕی نێوان هێزێکی پۆلیس و هێزێکی پێشمەرگە لە قەزای کۆیە، کەسێک کوژرا و چوار هاوڵاتی دیکەش بریندار بوون. 

لەمبارەیەوە کامەران عەباس شێخانی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی قەزای کۆیە لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" پێنج کەس بە برینداری کە بە گولـلە پێکرابوون، گەیەندرانە نەخۆشخانە، بەڵام  بەهۆی سەختی برینەکەیەوە یەکێکیان گیانی لەدەستدا". 

بەڕێوەبەری تەندروستی کۆیە ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە بریندارەکانی دیکەیش تەندروستیی ناجێگیرە و لە هۆڵی نەشتەرگەریدایە.

لەبارەی چۆنێتی ڕووداوەکە کامەران عەباس شێخانی باسی لەوەکرد، رووداوەکە لە پێش بنکەی هێزێکی پۆلیس و هێزێکی پێشمەرگەدا ڕوویداوە. 

تائێستا لایەنە فەرمییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەى روداوەکەوە بڵاونەکردووەتەوە. 


PM:12:16:15/05/2023