فراکسیۆنی یەکێتی: فراکسیۆنی پارتی بە ئاراستەی قوڵکردنەوەی ململانێ سیاسی هەنگاو دەنێت

لەبارەی زیادکردنی خاڵی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن لەلایەن فراکسیۆنی پارتییە بۆ دانیشتنەکانی سبەی پەرلەمان، فراکسیۆنی یەکێتی لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت" فراکسیۆنی پارتی بە ئاراستەی  قوڵکردنەوەی ململانێ سیاسی هەنگاو دەنێت".

لەو راگەیاندنەدا کە ئەمڕۆ ٢١ی ئایار فراکسیۆنی سەوز دەریکرد، هاتووە " بەداخەوە جارێکی تر پارتی دیموکراتی  کوردستان بە بەکارھێنانی نوێنەری بەناو پێکھاتەکان، لە ھەنگاوێکی تاک لایەنەی نایاسایی، بڕگەیەک بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی ٢٢-٥-٢٠٢٣ زیاد دەکەن، ئەویش  کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسیە". 

فراکسیۆنی یەکێتی دەشڵێن " بۆ ڕای گشتی رایدەگەیەنین  ئەم ھەنگاوە تەواو ناپەیرەویە و پێچەوانەی ماددەی (٤٨ )ی بڕگەی (٤ )لە پەیرەوی ناخۆی پەرلەمانی کوردستانە ، لەبەر ئەوەی (٢٤ )کاتژمێر تەواو بەر لە دانیشتنی پەرلەمان رانەگەیەنراوە ، ھاوکات پێچەوانەی رێکەوتنی سیاسی نێوان ھێزە سیاسیەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانە کە پرسی ھەمواری یاسای ھەلبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن دوو پرسی نیشتمانین دەبێت دوای رێکەوتن و سازانی ھێزە سیاسیەکان ھاوتەریب بەیەکەوە بخرێنە بەرنامەی کار و کاریان لەسەر بکرێت ،  کەچی جارێکی تر پارتی نوێنەری بەناو پێکھاتەکانی لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەکارھێناوە بۆ واژۆکردن لەسەر بابەتێکی ناپەیرەوی،".

هاتووشە" ئەمەش ھەنگاوێکە بە ئاراستەی  قوڵکردنەوەی ململانێ سیاسی، دواجار ئەنجامدانی ئەم کارە بەشێوەی تاکرەوی وێرای ئەوەی سەرپێچی تەواوی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانە، لەھەمان کاتدا دەبێتە ھۆی تێکدانی بنەمای سازانی نیشتیمانی، بۆیە ئێمە لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەتەواوی ئەم ھەنگاوە نا یاسایی و ناپەیرەویە رەتدەکەینەوە، ئۆباڵی لێکەوتەکانی دەخەینە ئەستۆی ئەنجامدەرانی".

دوای ئەوەی یەکێتی و پارتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەسەر پرسی کۆتاکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەگەیشتنە رێککەوتن، پارتی لە رێگای جێگرەکەی هێمن هەورامی و جێگری دووەمی مونا قەهوەچیەوە، خاڵی کاراکردنەوەی کۆمسۆنیان خستە نێو کۆبوونەوەی سبەینێووە.



PM:08:07:21/05/2023