ڕێواز فایەق: هیچ دەرئەنجامێکی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان دوای دواخستنی بەهای یاسایی و پەیڕەوی نابێت

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" هیچ دەرئەنجامێکی ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆی پەرلەمان دوای دواخستنی بەهای یاسایی و پەیڕەویی نابێت". 

رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (ماوە بۆ درێژکراوە)، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەرمەبنای دانیشتنی ژمارە چواری رۆژی دووشەممە کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە ژێر رۆشنای ئەو دەسەڵاتەی لە بڕگەی سێیەم لە ماددە (١٨) لە پەیڕەوی ناوخۆ پێیدراوە و تێیدا هاتووە (کردنەوەی خول و دانیشتنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیکردنیان، کۆتاییپێهێنان و دواخستنیان، دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانیان) دانیشتنی ئاماژە بۆ کراو دواخراوە و کۆتایی پێهات". 

دەشڵێت" هیچ دەرئەنجامێکی ئەو دانیشتنە دوای دواخستنی بەهای یاسایی و پەیڕەوی نابێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی بڕگەی (١١)ی ماددەی (١٨) دەسەڵاتی واژووکردنی سەرجەم نووسراوەکانی پەرلەمان تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان دایە و بەڕێزیان ئەو دەسەڵاتەی بەکەسی تر نەداوە مومارەسەی بکات، بۆیە هەر نووسراوێک بەبێ واژووی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەک بنێردرێت هیچ بەهایەکی یاسایی نییە.


PM:12:35:22/05/2023