نەوەی نوێ: پارتی و یەکێتی لەسەر یەک ئەندامی کۆمسیۆن شەڕیانە و کردویانە بە هەرا

وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" یەک پەرلەمانتاری پارتی و یەکێتی رۆژێک نەمانبینی شەڕ بکەن لە پەرلەمان و دیفاع لە خەڵک بکەن". 

‎هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی گرژییەکانی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەکێتی لە پەرلەمان ڕایگەیاند" ٣٢ ساڵە حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی خەڵک دەچەوسێننەوە و زوڵم لە خەڵک دەکەن، پێنج ساڵیشە ئەم حکومەتە موچە و ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری و تەندروستیی نادات بە هاوڵاتییان، خەڵکی کوردستان سەدان کێشەیان هەیە، بەڵام یەک پەرلەمانتاری پارتی و یەکێتی رۆژێک نەمانبینی شەڕ بکەن لە پەرلەمان و دیفاع لەخەڵک بکەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە" ئێستا هەردوو حزب لەسەر یەک ئەندامی کۆمسیۆن شەڕیانە و کردویانە بە هەرا، بەڕاستی حزبایەتی لای پارتی و یەکێتی مانای بەرژەوەندی حزبی خۆیان، نەک غەم و بەرژەوەندی خەڵک".

لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان یەکێتی و پارتی لە ناو بینای پەرلەمانی کوردستان ڕوویدا.


PM:12:50:22/05/2023