دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەكرێت


وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەڕۆژی پێنجشەممەوە دەست بە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم دەكرێت.

وەزارەتی بازرگانی لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، رۆژی پێنجشەممە لە رێكەوتی ٢ی ئەم مانگە سایلۆكان بە رووی جوتیارانی هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە بۆ پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی هەرێم رێنمایی و چۆنیەتی تایبەت بە وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی داڕشتووە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بەم شێوەیە دەبێت:

بەرامبەر هەر تۆنێك گەنم بڕی ٨٥٠ هەزار دینار دەدرێت بە جوتیار، لە دوای وەرگرتنی نموونەو پشكنین، گەنم لە جوتیار وەردەگیرێت.

بۆ ئەمساڵ لە سنووری سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم بڕی ٣٧٥ هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەردەگیرێت.



PM:09:11:23/05/2023