بافڵ تاڵەبانی هەڵوێستی كۆتایی یەكێتی لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆن راگەیاند

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ریدەگەیەنێت، فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمانی كوردستان رێگریان لە كارێكی یاساشكێنی كرد و ئیرادەی خەڵكیان سەرخست و رێگرییان لە شكاندنی شكۆی پەرلەمان گرت. 

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دەباشان لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان كۆبۆتەوە و بەپێی راگەیەنراوی نووسیگنەی بافڵ تاڵەبانی، لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا "ستایشی رۆڵی مێژوویی و ئازایانەی فراكسیۆنی یەكێتی كرد و پشتیوانی تەواوی یەكێتی بۆ سەرۆكی پەرلەمان دووپاتكردەوە كە لە دوایین كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، رێگریان لە كارێكی یاساشكێنی كرد و ئیرادەی خەڵكیان سەرخست و رێگرییان لە شكاندنی شكۆی پەرلەمان گرت". 

بافڵ تاڵەبانی وتیشی "هەڵوێستی دوێنێتان بۆ سەرخستنی ئەزموونی دیموكراسیی هەرێم مایەی شانازیی یەكێتی، دڵسۆزانی گەل و دۆستانی دیموكراسی بوو كە دەیانەوێت هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و یاری بە چارەنووس و دەنگی خەڵكەوە نەكرێت".
‏‎
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "لەسەرەتای دروستبوونی كێشە سیاسی و یاساییەكانەوە سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، یەكێتی بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە كاری بۆ سازان و رێككەوتنی نیشتمانی كردووە و ھەنگاوی پێویست نراوە  لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەكاندا كە یاسای هەڵبژاردن هەمووار بكرێتەوە و ھاوتەریب كۆمسیۆنیش كارابكرێتەوە. دوور لە خۆسەپێنی خواستی كۆمەڵانی خەڵكی تێدا جێبەجێ بكرێت و كورسی كۆتاكان بۆ یەكلاكردنەوەی پرسە چارەنووسسازەكان بەكارنەهێرێت وەك ئەوەی دوێنێ بینیمان و بەداخەوە ئەوەی نەدەبوو رووبدات، روویدا".

سەبارەت بە نوێنەرایەتی پێكهاتەكان و هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆیانەوە بافڵ تاڵەبانی روونیكردۆتەوە "ئێمە لە سەرەتاوە داوامانكردووە پێكهاتەكان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بكەن و لە ململانێ سیاسی و حزبییەكاندا بەكارنەهێنرێن".
‏‎




PM:09:54:23/05/2023