نووسینگەی مونا قەهوەچی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە


نووسینگەی مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەدوای دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستان، "چەندین لێدوان و هەڵسوكەوتی ناشیرین و دوور لەڕەوشتی پەرلەمانتاری" لەلایەن بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمان لە فركسیۆنی یەكێتی لەسەری دەكرێن. 

نووسینگەی مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەدانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی كوردستان روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایەیاندووە "لەدوای بەڕێوەچوونی دوایین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، چەندین لێدوان و هەڵسوكەوتی ناشیرین و دوور لە ئەتەكێت و رەوشتی پەرلەمانتاری لەلایەن بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمان لە فراكسیۆنی یەكێتی  بەرامبەر سكرتێری پەرلەمان ئەنجامدراوە."
 
هەر بەپێی روونكردنەوەكە مونا قەهوەچی لەدەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەركێكی تەواو "یاسایی و پەیڕەوی ئەنجامداوە، لەپێناو پاراستنی دامەزراوە دەستورییەكان و پاراستنی هەرێمی كوردستان لە چوونە ناو بۆشایی یاسایی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان لە كاتی یاسایی خۆیدا، هاوڕا بووە بۆ كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن".
 
روونكردنەوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "بەهۆی ئەو هەڵوێستەی سكرتێری پەرلەمانی كوردستانەوە، ژمارەیەكی كەم لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكێتی لێدوان و هێرشیان كردووەتە سەری، بەڵام ئەونە هیچ بەهایەكیان لای سكرتێری پەرلەمان نییە و هیچ كاتێك نابنە لەمپەر لەبەردەم پابەندبوون بە یاسا بەركارەكان و پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێمی كوردستان."



PM:11:10:23/05/2023