"هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی دەدرێت"

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت" گفتوگۆکان لەبارەی پرۆژە یاسای بودجە بەردەوامی هەیە و بەرەو کۆتایی کارەکان دەچن". 

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" گفتوگۆکان لەبارەی پرۆژە یاسای بودجە بەردەوامی هەیە و بەرەو کۆتایی کارەکان دەچین، ئەمڕۆ یان سبەی کارەکانی لیژنەی دارایی تەواودەبێت دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە لە هەفتەی داهاتوودا دەخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمان و دەنگی لەسەر دەدرێت".

دەشڵێت" ئەو ناڕەزایەتییانەی کە لەلایەن هەندێک پەرلەمانتارەوە هەن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان کە رێژەکەی لە ١٢.٦٧%ە تەنها بۆ راکێشانی سەرنجی لایەنگرانیانە، چونکە هەرێمی کوردستان سەرباری ئەو هەموو گرفتە ئابوورییەی کە هەیە لە زۆر ناوچەی دیکەی عیراق باشترە لە رووی ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەوە، بەڵام ئێمە پێمان وایە هەرێمی کوردستان شایەنی ئەوەبوو پشکی لە ١٤% بەربکەوێت لە بودجەی عیراق".


PM:09:13:24/05/2023